Accessibility links

مێزگرد: نەوت لە سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا


ئەگەرچی هێشتا ناوەڕۆک و وردەکاری ئەو ڕێککەوتنە نەوتیەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای ڕوسنەفت ی ڕوسیایی کە دەگوترێت سەر بە کرملنە بە تەواوەتی دەرنەکەوتوون چین، بەڵام شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایی و ڕەخنە بەرامبەر ئەم ڕێککەوتنە هەیە کە 20 ساڵ دەخایەنێت.

دوو جۆر ڕا لە شەقامی کوردیدا هەن بەرامبەر بەم ڕێککەوتنە، یەکێکیان بە خۆشحاڵیەوە پێشوازی دەکات و بە هەنگاوێکی گەورەی دادەنێن و لەوبڕوایەشدان سەرەتایەکە بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانە داراییەکەی هەرێمی کوردستان.

ڕای دووهەمیش بە هەنگاوێکی بێ بەها سەیری دەکەن لەو ڕوانگەیەوەی هەتا ئێستا هیچ شتێکی پیشەسازی و بازرگانی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا نەبوونەتە مایەی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی هەرێم بەو ڕێککەوتنە پەنجا ساڵیەشەوە کە لەگەڵ کۆماری تورکیادا مۆرکراوە.

بەشێکیش لە چاودێر لەوبڕوایەدان ئامانجە سەرەکییەکەی ئەم ڕێککەوتنە نوێیە هەر تەنها لە باری ئابوریدا سنوردار نییە و دەیبەستنەوە بە یاریە سیاسییەکانی ناوچەکەوە لە نێوان تورکیا و ڕوسیا و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاشەوە.

ئەم ڕێککەوتنەی ڕوسنەفت درێژەکراوەی ڕێککەوتنەکەی مانگی دووی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای ڕوسنەفتە.

میوانەکانی مێزگرد:

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی هەرێم لە فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان.
گەشە دارا حەفید، ئەندامی پەرلەمانی هەرێم لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

عەلی حەمە ساڵح
عەلی حەمە ساڵح

گەشە دارا حەفید
گەشە دارا حەفید

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەم ڕێککەوتنە نوێیە چوار فراکسیۆنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان (بزوتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی، بزوتنەوەی ئیسلامی) ڕاگەیاندنێکیان بڵاوکردەوە و ناڕەزایی خۆیان دەربڕی بەرامبەر بە ڕێککەوتنەوەکە.

لە بەشێکی ڕاگەیاندنەکەدا هاتووە "لەلایەکی دیکەوە، واژووکردنى رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ کۆمپانیاى (روس نەفت)ى رووسى ـ بەدرێژکراوەى ئەو ڕێککەوتنانە دەزانین کە ئەم دۆخە خراپەى لە کوردستان خوڵقاند.
ئێمە لە پەرلەمانى کوردستان زۆرجار داوای گرێبەستى 50 ساڵیمان لەگەڵ تورکیا کردووە بۆ لێکۆڵینەوە، بەرپرسانى حکومەت ئامادەنەبوون ئەم گرێبەستە بخەنە بەردەست پەرلەمان، ئەمە جگە لەوەى داواى چەندین گرێبەستى دیکەمان کردووە حکومەت ئاشکرای نەکردووه.‌
ئەم گرێبەستەى (روس نەفت) ناکرێت بەبێ چاودێرى و لێکدانەوەى پەرلەمان واژوو بکرێت، ناکرێت نەزاندرێت داشکاندنى هەرێم بۆ نرخى ئەو نەوتەى کەکردوویەتى بۆ (روس نەفت) چەندە؟ ناکرێت نەزانرێت کۆمپانیاى (روس نەفت) چۆن دەبێتە هاوبەش یان خاوەندار لەو پێنج کێڵگە نەوتییەدا، بۆ چەند ساڵە؟، ئایا ئەو یەک ملیار دۆلارەى لە مانگى شوباتى ئەم ساڵدا لە کۆمپانیاکە وەرگیراوەو گرێبەستى بۆ کراوە چى لێهات؟"

پرسیارگەل زۆرن لەسەر ڕەوشی دارایی هەرێم و تەواوی ئەو گرێبەستە نەوتیانەی هەن، هەروەهاش نەبوونی ڕوونی و ئاشکرایی (شەفافیەت) بەشێکی تری ئەو ناڕەزاییانەیە کە بەرامبەر دەسەڵاتدارانی هەرێمەکە هەن، بەتایبەتیش لە ئێستادا کە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پەکخراوە و ناتوانێت وەک پێویست ئەرکی چاودێری خۆی ببینێت.

بۆچی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ چوار فراکسیۆنەکەی تردا ئەو ڕاگەیاندنەی مۆر نەکرد؟

ئایا دەنگە ناڕەزاکان بەرامبەر ڕێککەوتنەکەی ڕوسنەفت بە کوێ دەگەن؟

ئایا تەبایی و ناکۆکی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هەر لەسەر نەوت بەندە؟

ئایا هەڵبژاردن چارەسەری قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستان دەکات؟

وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسیاری تریش لە دەقی مێزگردەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:22:29 0:00

XS
SM
MD
LG