Accessibility links

هەرێمی کوردستان لە مانگی هەشت بە بەهای 349 ملیۆن دۆلار نەوتی لە بەندەری جیهانی تورکی فرۆشتووە


ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز دەڵێت وەزارەتی سامانە سروشتیـیەکانی هەرێمی کوردسـتانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاندووە هەناردەکردنی نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جیهانی تورکیـیەوە لە ماوەی مانگی هەشت دابەزیوە، ئەمەش یەکەم جارە لەوەتای مانگی سێـیەوە بەو ئاستە کەمبێتەوە.

بەپـێی وەزارەتەکە لە مانگی هەشت ڕۆژانە 411 هەزار و 727 بەرمیل نەوت هەناردەکراوە، بەڵام لە مانگی حەوت ڕۆژانە 457 هەزار و 314 بەرمیل نەوت بووە.

لەگەڵ ئەوەشدا و هەرچەندە وەک وەزارەتەکە دەڵێت بەرمیلی بە 32.44 دۆلار فرۆشراوە، داهاتی هەرێمی کوردسـتان لەم نەوتە 349.9 ملیۆن دۆلار بووە.

هاوکات کۆمپانیای سۆمۆی حکومی کە بەرپـرسە لە فرۆشتنی نەوت و گازی عێراق، لە زاری عاسم جیهاد گوتەبێژی وەزارەتی نەوت بڵاویکردووەتەوە کە گوتویەتی لە مانگی هەشت ڕۆژانە 3 ملیۆن و 230 هەزار بەرمیل نەوتیان لە بەندەرەکانی باشوری وڵاتەکە هەناردەکردووە و بەرمیلی بە 39.248 دۆلار فرۆشتووە و بەمەش داهاتی نەوتی حکومەتی ناوەندی لەو نەوتە 3 ملیار و 929 ملیۆن و 868 هەزار دۆلار بووە. ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە هیچ بڕە نەوتێـکیان لە ڕێگەی بەندەری جیهانەوە نەفرۆشتووە بەهۆی ناکۆکیـیەکانی نێوان حکومەتی ناوەندی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان.

XS
SM
MD
LG