Accessibility links

بەرپرسانى ناحیەى مەندەلى: بارودۆخى کوردەکانى ناحیەکە خراپە


بەرپرسانى کوردى ناحیەى مەندەلى پارێزگاى دیالە، ئاماژەبەوەدەکەن فشارەکانى سەریان لەلایەن هێزە عێراقیەکانەوە بەردەوامیان هەیە، دەڵێن"ناوبەناو هاوڵاتى کوردیش لە مەندەلى تیرۆر دەکرێت."

ناحیەى مەندەلى، یەکەم ناوچەى کێشەلەسەربوو کە لەلایەن گروپە شیعیەکانەوە لەبن دەستى کورد دەرهێنرا، بەتایبەت چەند رۆژێک پێش ریفراندۆم بەرێوەبەرە کوردەکەى ناحیەکە لەپۆستەکەى دوور خرایەوە، گروپى عەسایب ئەهلولحەقى شیعیش ئەندامانى ئەنجومەنى ناحیەکەیان دەست بەسەرکرد و ریفراندۆمیان پێهەڵوەشاندنەوە.

حاکم شاهۆ عەباس بەرێوەبەرى لەسەرکارلابراوى ناحیەى مەندەلى، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"لەئێستادا بەرێوەبەرى ناحیەى قازانیە کە کەسێکى شیعە مەزهەبە، لەجێگەکەم ناحیەى مەندەلى بەوەکالەت بەرێوەدەبات."

وتیشى"بارودۆخى کورد لەمەندەلى باش نیە و پێش چەند رۆژێک کوردێک تیرۆر کرا."

ئەنجومەنى ناحیەى مەندەلى لە 13 ئەندام پێکدێت، 8 ئەندامیان لە کوتلەى کوردین و پێشتر دەنگیان بۆ ئەنجامدانى ریفراندۆم لەناحیەکەیاندا، بەڵام دواتر لەژێر فشارى هێزە شیعیەکاندا ریفراندۆمیان هەڵوەشاندەوە.

هەروەها لە 8 ئەندامەکەى کوتلەى کوردیش دوانیان عەرەب و تورکمانن، کە پێشتر هەڵوێستەکانیان هەمیشە لەگەڵ کورددا بووە، بۆیە کورد بریاردەرى ئەنجومەنەکە بووە، بەڵام لەئێستادا دوو ئەندامەکە گۆرانکارى بەسەر هەڵوێستیاندا هاتوە و کورد زۆرینەبوونى نێو ئەنجومەنى لەدەستداوە.

ئازاد حەمید شەفى سەرۆکى ئەنجومەنى ناحیەى مەندەلى، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"بارودۆخى کورد لەناو مەندەلى باش نیە، فشارى ئیداریمان لەسەرە و ناوبەناو هاوڵاتى کوردیش تیرۆر دەکرێن."

ناحیەى مەندەلى پارێزگاى دیالە، یەکێکە لەناحیە تەعریبکراوەکان، کە ساڵانى هەفتاکانى سەدەى رابردوو کورد سەروى 70%ى دانیشتوانەکەى پێکهێناوە، بەڵام تەعریب و راگواستنى کوردەکان، رێژەى کوردى لەو ناحیەیە کەمکردەوە و لەئێستادا نزیکەى 20%ى دانیشتوانەکەى کوردن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:41 0:00

XS
SM
MD
LG