Accessibility links

لێکەوتەکانی جەنگی داعش کاریگەری لەسەر ژنان هەبووە


بەرپرسى لقى کەرکوکى رێکخراوى هیواى عێراقى، دەڵێت جەنگى داعش لێکەوتەى خراپى هەبووە، زۆرێک لەو لێکەوتانە کاریگەریان لەسەر ژیانى خێزانى و دۆخى ژنان لەکەرکوک هەبووە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگى ئەمەریکا، سرود ئەحمەد بەرپرسى رێکخراوى هیواى عێراقى لە کەرکوک، کە رێکخراوەکەى بەدواداچوون بۆ کێشەکانى ژنان دەکات و ڕاوێژیان پێشکەش دەکات، دەڵێت"ئەگەر لە جەنگدا سەدان کەس شەهیدبن، ئەوا زیانەکانى قۆناغى دواى جەنگ مەترسیدارترن لەسەر کۆمەڵگا، بە تایبەت سەرهەڵدانى گرفتى خێزانى."

سرود ئەحمەد
سرود ئەحمەد

بە وتەى سرود ئەحمەد، لە ئێستادا کەرکوک بە قۆناغى دواى جەنگدا تێپەڕدەبێت، بۆیە زۆر دیاردەى کۆمەڵایەتى سەریان هەڵداوە، کە بریتین لە: گرفتى خێزانى، فرەژنى، دەستدرێژى و بەزۆر بەشودانى کچان، هەروەها دیاردەى کوشتن و خۆ کوشتن.

سەبارەت بە ناسنامەى ئەو کەسانەى بە توندوتیژى بەرامبەر بە ژنان تۆمەتبارن، بەرپرسى رێکخراوى هیواى عێراقى وتى"زۆربەى ئەوانەى لە ژنان دەدەن و گرفتى خێزانیان هەیە، ئەوانەن کە چەکدارن و مامەڵەیان لەگەڵ چەکدا هەیە، ئەگینا فەرمانبەرانى مەدەنى کەمتر گرفتى خێزانیان هەیە."

وتیشى"بەداخەوە کۆمەڵگا بووەتە کۆمەڵگایەکى چەکدار، بۆیە گرفتە خێزانیەکان زۆرن ."

لە بەشێکى ترى قسەکانیدا بۆ دەنگى ئەمەریکا، سرود ئەحمەد نیگەرانى خۆى دەربڕى لە دابین نەکردنى شوێنى گونجاو بۆ وەرگرتنى سکاڵا لەو ژنانەى توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، وتى"ژنى سکاڵاکار دەبێت بڕواتە دائیرەى پۆلیسى کۆن، چەکدارێکى زۆرى تێدایە، تا دەڕواتە ژوورەوە چەندین تەعلیقى لێدەدرێت، لەبرى پاراستنى مافى، شەڕیشى پێدەفرۆشرێت."

هەروەها وتیشى"ژنى ئەفسەر و لێکۆڵەرى ژنمان نیە، ئەوانەى سکاڵا لە ژنان وەردەگرن، خۆشیان بەچاوى سوکەوە لە ژن دەڕوانن."

لە کۆتایى قسەکانیدا بۆ دەنگى ئەمەریکا، سرود ئەحمەد بەرپرسى رێکخراوى هیواى عێراقى لە کەرکوک، هۆکارەکانى پشت هەڵکشانى توندوتیژى بەرامبەر بە ژنانى ڕوونکردەوە، باسی لەوەکرد گرفتى دارایى و خواردنى مادەى هۆشبەر، لەگەڵ خیانەتى هاوسەرێتى هۆکارى توندوتیژیەکانن.

ناوبراو وتى"جۆرى توندوتیژى وا سەریهەڵداوە زۆر قێزەونە، پیاو هەیە دەیەوێت ژنەکەى ببات بۆ بەرپرسەکەى، یاخود هەیە دەیەوێت بازرگانى بە ژنەکەیەوە بکات، شتەکان زۆر قێزەونن."

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:10 0:00


XS
SM
MD
LG