Accessibility links

کەمال کەرکوکى: پارتى دەگەڕێتەوە بۆ کەرکوک


حکومەتى عێراق سەرقاڵى چۆڵکردنى بارەگاکانى پارتى یە لە کەرکوک، بڕیارە دواى دوو ساڵ، ئەو حیزبە بۆ کەرکوک بگەڕێتەوە، بۆ دەربڕینى نارەزایەتیش دژى چۆڵکردنى بارەگاکان بۆ پارتى، ژمارەیەک خۆپیشاندەرى عەرەب نارەزایەتیان دەربڕى.

لە گفتووگۆیەکدا لەگەڵ دەنگى ئەمەریکا، کەمال کەرکوکى بەرپرسى ئەنجومەنى سەرکردایەتى کەرکوک/گەرمیان ى پارتى،دەڵێت"گفتووگۆى نێوان حکومەتى هەرێم و بەغدا ئەنجامیان هەبووە، لیژنەى ئاساییکردنەوەى کەرکوک کە کورد و عەرەب و تورکمانى تیابووە، پرۆژەیان بۆ ئاساییکردنەوەى دۆخەکە ئامادە کردووە."

بەرپرسەکەى پارتى، ئاماژەى بەوەکرد حیزبەکەى ئامادەبووە بە رێگەى گفتووگۆ و دیالۆگ لەسەر چارەسەرکردنى کێشەکان رێکبکەوێت و ماف بۆ خاوەن ماف بگەرێتەوە، وتى"گەر بەربەست لەبەردەم دیالۆگ دروست بوو، ئەوکات کەرکوکیەکان و پارتیش رێگەى تریان لەبەردەم هەیە."

دکتۆر کەمال کەرکوکى، دەشڵێت"شکور بۆ خودا، گفتووگۆکان بەرەو باشى دەڕۆن، پارتى دەگەرێتەوە بۆ ماڵى خۆى ، بارەگاکان بارەگاى پارتین و شارەکەش شارى پارتى خۆیەتى و دەگەرێتەوە بۆى."

دژى چۆڵکردنى بارەگاکانى پارتى لەکەرکوک لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە، ژمارەیەک لە عەرەبەکانى دانیشتووى کەرکوک خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و نارەزایەتیان دەربڕى.

کەمال کەرکوکى، ئامادەنەبوو وادەى گەڕانەوەى حیزبەکەى بۆ کەرکوک ئاشکرا بکات، وتى"ئێستا دەستکراوە بە چۆڵکردنى بارەگاکانمان، بێ هۆش نیە، هەندێک لایەن ئاگریان تێبەربووە، ئەوانەى دژى گەڕانەوەى پارتى خەڵک هان دەدەن، ئەوانەن کە بەنایاسایى سەپێنراون و سود لە وەزعى ناسروشتى کەرکوک وەردەگرن."

وتیشى"ئەوان دەزانن گەر پارتى بگەرێتەوە، زەوى فرۆشتن و گەندەڵیان لێ قەبوڵ ناکات، بۆیە گڕیان تێبەربووە، پێشیان دەڵێم:ئەنجومەنى پارێزگا دەگەرێتەوە و حوکمى داهاتووى کەرکوک لەبەرژەوەندى گشت پێکهاتەکان دەبێت."

سەبارەت بە چۆنیەتى ڕازى بوونى پارتى بە گەڕانەوە بۆ کەرکوک، لەکاتێکدا نە پێشمەرگە گەڕاوەتەوە و نە دۆخى شارەکەش ئاسایى کراوەتەوە ، کەمال کەرکوکى وتى"زۆر شت کراوە، پارتى ئیش لەسەر دۆسیەى ئەمنى و کارگێرى دەکات، کەرکوک پڕە لە بارەگاى لایەنى تر و شۆڤێنیەکان قسە ناکەن، بەڵام بە گەڕانەوەى پارتى زنۆقیان چووە، دەزانن موساوەمەیان لەگەڵ ناکەین."

راکان جبورى پارێزگارى کەرکوک بە ناراستەوخۆ لەلایەن پارتیەوە بە هاندانى خەڵک لەدژى گەڕانەوەیان تۆمەتبار دەکرێت، دەنگى ئەمەریکا پەیوەندى بە جبوریەوە کرد، بەڵام ئامادەنەبوو لێدوان بدات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:53 0:00


XS
SM
MD
LG