Accessibility links

هەوڵى بەدەستهێنانەوەى پۆستى پارێزگارى کەرکوک لەبار برا


خۆپیشاندان و نارەزایەتى ناوچە جیاجیاکانى عێراق، هەوڵەکانى کوردى بۆ دانانى پارێزگارێکى نوێ بۆ کەرکوک لەباربرد، بەو پێیەى دەسەڵاتى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵپەسێردرا.

تەنها رێگە بۆ بەدەستهێنانەوەى پۆستى پارێزگارى کەرکوک بەدەست کوردەوە بوو، ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک بوو، کە کورد تێیدا زۆرینەبوو، هەڵپەساردنى دەسەڵاتەکانى ئەو ئەنجومەنە، هەوڵەکانى کوردى لەباربرد.

مەریوان نادر ئەندامى پەرلەمانى عێراق، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"ئەنجومەنى پارێزگا تا هەڵبژاردنى داهاتوو دەسەڵاتى نەماوە، بۆیە هەوڵى کورد بۆ وەرگرتنەوەى پۆستى پارێزگارى کەرکوک لەبارچوو."

پرۆژەى هەڵوەشاندنەوەى ئەنجومەنى پارێزگا و قەزا و ناحیەکان، یەکێک بوو لە پرۆژەکانى پەرلەمانى عێراق بۆ وەڵامدانەوەى خواستى خۆپیشاندەران.

جوان حەسەن ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"هەڵوەشاندنەوەى ئەنجومەنى پارێزگاکان پێویستى بەدەرکردنى یاسایە، بەڵام یاسا دەرنەکراوە."

وتیشى"هەوڵى هەڵپەساردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان، کوتلە گەورەکانى لەپشتە، ئامانج لێى دوورخستنەوەى چاودێرى ئەنجومەنەکانە لەسەر پارێزگارەکانى سەربەخۆیان، هەروەها لابردنى چاوى خۆپیشاندەرانیشە لەسەر پەرلەمان، کەشەقام لەخۆیان توڕەیە."

داواکردنى هەڵپەساردنى ئیش و کارى ئەنجومەنەکان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، لەوەوە سەرچاوەى گرتبوو کە ئەم ئەنجومەنانە، بوونەتە هۆى سست بەرێوەچوونى پرۆژە خزمەتگوزاریەکان.

نازم زەنگەنە ئەندامى ئەنجومەنى ناحیەى تازەخورماتوى باشورى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"هەڵپەساردنى ئەنجومەنەکان بۆ هێورکردنەوەى شەقامە، کە رەنگە تا هەڵبژاردنى داهاتوو، سڕ بکرێن."

پرۆژەى هەڵپەساردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان، رەنگە کۆتایى بەهەوڵەکانى کورد بۆ بەدەستهێنانەوەى پۆستى پارێزگارى کەرکوک بهێنێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:00 0:00


XS
SM
MD
LG