Accessibility links

کورد خۆى بۆ هەڵبژاردنى پارێزگاکان ئامادەدەکات


ترسى زیاتر لاوازبوونى پێگەى کورد لە ناوچە کێشەلەسەرەکان، حیزب و لایەنە کوردیەکانى لەو ناوچانە ناچارکردووە تا لە یەکترى نزیکببنەوە، بەتایبەت هەڵبژاردنى داهاتووى پارێزگاکان بۆ کورد هەڵبژاردنێکى "چارەنوسساز"دەبێت.

کورد دەیەوێت بەشێک لەو دەسەڵاتەى کە بەهۆى ڕووداوەکانى 16 ى ئۆکتۆبەرى ساڵى 2017 ەوە لەدەستیداون، لەرێگەى هەڵبژاردنى داهاتووى پارێزگاکانەوە بەدەستیان بێنێتەوە، ئەمەش یەکخستنى هەڵوێستى حیزبە کوردیەکانى دەوێت.

دوێنێ دووشەممە، حیزب و لایەنە کوردیەکانى کەرکوک، دواى تەواو بوونى کۆبوونەوەیەکى دوو کاتژمێرى لەبارەگاى حیزبى شیوعى، بڕیاریان دا سەرجەمیان بەیەک لیست بەشدارى هەڵبژاردن بکەن.

لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا، شێخ سدیق بەرپرسى محەلى کەرکوکى حیزبى شیوعى، رایگەیاند" کەرکوک کوردستانیە، ناوى لیستى هاوبەشەکەى حیزبە کوردیەکان دەبێت بۆ هەڵبژاردنى داهاتووى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک."

دواى چەند کاتژمێرێک لە کۆبوونەوەى حیزبەکانى کەرکوک، حیزب و لایەنەکانى قەزاى خورماتووى پارێزگاى سەڵاحەدینیش، لەسەر دەستپێشخەری کەسایەتیە کوردیەکانى ناوچەکە، کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و ئەوانیش بڕیارى یەک لیستیان دا.

حەسەن بارام کادیرى پێشکەوتووى یەکێتى لە قەزاى خورماتوى پارێزگاى سەڵاحەدین، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"کەسایەتى و پیاو ماقوڵانى خورماتوو، داوایان لە حیزبە کوردیەکان کرد بەیەک لیست بەشدارى هەڵبژاردن بکەن، خەڵکانى باش و پاکیش کاندید بکەن."

وتیشى"کورد لە خورماتوو گرفتى لەگەڵ قاسمى ئینتیخابى هەیە، بۆیە پێدەچێت حیزبە کوردیەکان لەگەڵ لیستێکى عەرەبى شارى تکريت دا هاوپەیمانێتى بکەن."

هێشتا حیزبە کوردیەکانى پارێزگاى دیالە نەجوڵاون، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانى داهاتوودا، ئەوانیش بۆ دروستکردنى لیستێکى کوردى هاوبەش لەو پارێزگایە، گفتووگۆ دەست پێ بکەن.

عامر رەفعەت ئەندامى لقى خانەقینى پارتى دیموکراتى کوردستان، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"دواى پشووى موحەرەم، حیزبە کوردیەکانى پارێزگاى دیالە گفتووگۆ دەکەن بۆ یەک لیستى."

وتیشى"یەک لیستى بەرژەوەندى کوردى لەتەواوى ناوچە کێشەلەسەرەکان تێدایە."

لەبەرامبەر خۆ ئامادەکردن و هاوپەیمانێتى حیزبە کوردیەکان بۆ هەڵبژاردنى داهاتووى پارێزگاکان، هێشتا حیزب و لایەنە عەرەبى و تورکمانیەکان هەڵوێستى فەرمیان نیشان نەداوە، بەڵام پێدەچێت ئەوانیش لەداهاتوودا هەوڵى هاوپەیمانێتى بدەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:27 0:00


XS
SM
MD
LG