Accessibility links

عەمید سەرحەد قادر: وەزارەتى ناوخۆى عێراق فەرمانى کردووە بەدەستگیرکردنى لە هەر جێگەیەک بێت


عەمید سەرحەد قادر، بەرێوەبەرى پێشووى پۆلیسى قەزاو ناحیەکانى کەرکوک، ئاماژەبەوەدەکات وەزارەتى ناوخۆى عێراق، نوسراوێکى ترى ئاراستەى پۆلیسى کەرکوک کردووە، تێیدا داواى دەستگیرکردنى و رادەستکردنى بەدادگا کردووە، بەتۆمەتى بەشداریکردنى لە پرۆسەى ریفراندۆم دا.

لەگفتووگۆیەکدا لەگەڵ دەنگى ئەمەریکا، عەمید سەرحەد قادر وێراى جەختکردنەوە لەسەر ئەوەى کە لەسەر ریفراندۆم، ئەو تەنها ئەفسەرە بریارى گرتنى بۆ دەرچووە،هاوکات ڕەخنە لەکابینەى پێشووى حکومەتى هەرێمیش گرت، بەوەى "شەرمنانە" مامەڵەیان لەگەڵ دۆسیەکەى کردووە.

ناوبراو دەڵێت"چەند جارێک لەگەڵ بەرپرسانى پێشووى حکومەتى هەرێم دانیشتین، پێموتن:کێشەى ئێمە سیاسیە، من بڕیارى ریفراندۆمم نەداوە، ئەوانەى ریفراندۆمیان ئەنجامدا، ئێستا لەبەغدا جێگرى سەرۆک وەزیران و پەرلەمانتارن، بەڵام هەڵوێستیان لاواز بوو."

عەمید سەرحەد، ئەوەشى خستەڕوو بڕیارى گرتنەکەى لە جام گرتووە و لە ماڵەکەیدا هەڵیواسیووە، وتى"گەر دادگایەکى بێ لایەن هەبێت، بەشانازیەوە دەچمە بەردەمى، تەنانەت گەر بریارى لەسێدارەدانیشم بۆ دەربکات، بەڵام کێشەکە سیاسیە و هەرێم هەڵوێستى پێویستى نەبووە."

گەر لەسەر ریفراندۆم بریارى گرتن بۆ سەرحەد قادر دەرکرابێت، ئەوا چارەنوسى ژمارەیەک ئەفسەرى تر بە هەڵواسراوى ماوەتەوە، کە لە 16 ى ئۆکتۆبەرەوە کەرکوکیان بەرەو هەولێر جێهێشتووە.

عەمید سەرحەد وتى" 22 ئەفسەرى تر بریارى گرتنیان هەیە، بەڵام تەنها من لەسەر ریفراندۆم بریارى گرتنم هەیە، ئەوانیتر لەسەر جێهێشتنى دەوام و رۆیشتنیان بۆ هەولێر، بریارى گرتنیان بۆ دەرکراوە."

سەبارەت بەهۆکارى چارەسەر نەکردنى گرفتى ئەو ئەفسەرانەى رۆیشتوونەتە هەولێر، لەکاتێکدا وەزارەتى ناوخۆى هەرێم و بەغدا لەگفتووگۆدان، بەرێوەبەرى پێشووى پۆلیسى قەزاو ناحیەکانى کەرکوک دەڵێت"ئەوەندەى ئاگادارم خاڵێک لە خاڵەکانى کۆبوونەوەى ئەمڕۆى نێوان وەفدى هەرێم و بەغدا ئەوەبووە، پارتى داواى 30 پۆستى ئەمنى کردۆتەوە کە پێشتر لایبووە و ئێستا بەدەست عەرەب و تورکمانەوەن."

عەمید سەرحەد قادر کە پێشتر لەسەر پارتى دیموکراتى کوردستان هەژمارد کراوە و سەربەو حیزبە بووە، بەڵام ماوەیەکە دەنگۆى سەنگەر گواستنەوەى بڵاو بۆتەوە، لەو بارەیەوە جەختیکردەوە"پەیوەندیم بە هیچ لایەنێکەوە نەکردووە، لە ماڵى خۆم دانیشتووم و چاودێرى دۆخەکە دەکەم،سەردانى دۆست و لایەنەکانم کردووە و ئەوانیش سەریان لێداوم، بەڵام نەچوومەتە نێو هیچ لایەنێکەوە، ئەوە دوورە لەراستیەوە."

لە کۆتایى قسەکانیدا بۆ دەنگى ئەمەریکا، عەمید سەرحەد قادر روونیکردەوە چەند ڕۆژێک دواى 16 ى ئۆکتۆبەر، لەسەر داواى کەریم سنجارى وەزیرى پێشووى ناوخۆى هەرێم، کۆبوونەوەى بەسەدان ئەفسەر ئەنجامداوە بەمەبەستى گەڕانەوە بۆ کەرکوک، وەکئەو دەڵێت"کەریم سنجارى پێیوتم:کاک نێچیرڤان هەماهەنگى لەگەڵ عێراق کردووە بۆ گەڕانەوەتان."

بەوتەى عەمید سەرحەد، دواى کۆبونەوەکە بەسەدان ئەفسەر بۆ کەرکوک گەڕاونەتەوە،ئەوانەى پلەى مولازمیان تا موقەدەم هەبووە، گەڕێنراونەتەوە بۆ جێگەکانى خۆیان، بەڵام پلە بەرزەکان تا ئێستا پۆستەکانیان پێنەدراوەتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:06 0:00

XS
SM
MD
LG