Accessibility links

خالد شوانى داوا لە هێزە کوردیەکان دەکات خۆیان بۆ دوو ڕووداوى گەورە لە کەرکوک ئامادە بکەن


خالد شوانى ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان، دەڵێت کەرکوک بە دۆخێکى تەواو نائاساییدا تێپەڕ دەبێت، داوا لە لایەنە کوردیەکانیش دەکات خۆیان بۆ دوو ڕووداوى گەورە لە شارەکە ئامادە بکەن.

لەم گفتووگۆیەکدا لەگەڵ دەنگى ئەمەریکا، خالد شوانى ئاماژەى بەوەکرد پرۆسەى بە عەرەب کردنى شارى کەرکوک بەردەوامى هەیە و هەوڵى گۆڕینى دیمۆگرافیاى شارەکە دەدرێت، ئەم هەنگاوانەش لە ژێر سەرپەرشتى هێزێکى نامۆدا ئەنجام دەدرێن.

بەڕاى بەرپرسەکەى یەکێتى، هەرچەندە لەئێستادا تەنها کورد دەنگ هەڵدەبڕێت، بەڵام تورکمان و عەرەبى ڕەسەنیش لەم دۆخە زەرەرمەند دەبن، وەکئەو دەڵێت"بەرنامەى هەمە لایەنە بۆ کۆنترۆڵکردنى دۆخى کەرکوک لەهەموو ڕوویەکەوە هەیە."

خالد شوانى داواى لە هێزە کوردیەکان کرد خۆیان بۆ دوو ڕووداوى گەورە لەکەرکوک ئامادە بکەن، کە بریتین لە ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پارێزگاکان و پرۆسەى سەرژمێرى، کە بڕیارە لە کۆتایى ساڵى داهاتوودا ئەنجام بدرێت.

ناوبراو وتى"گەر کورد خۆى بۆ هەڵبژاردن ئامادە نەکات، ئەوا دەرئەنجامێکى مەترسیدارى بۆى دەبێت."

سەرکردەکەى یەکێتى، بەپێویستى دەزانێت هێزە کوردیەکان رێگە نەدەن سەرژمێرى لەکەرکوک ئەنجام بدرێت، بەو پێیەى هەوڵى گەورە بۆ گۆڕینى دیمۆگرافیاى شارەکە لە ئارادایە، وتى"دەبێت ئەوەى کەرکوکیە و لە تۆمارى ساڵى 57 دا ناوى تۆماکراوە، ئەوانە لە سەرژمێرى ساڵى داهاتوودا تۆمار بکرێن، کورد غەیرى ئەمە قەبوڵ نەکات."

لە بەشێکى ترى قسەکانیدا بۆ دەنگى ئەمەریکا، خالد شوانى باسیلەوەکرد ئەنجامدانى سەرژمێرى لە ئێستادا بە زەرەرى کورد تەواو دەبێت، چونکە ئاوارەیەکى زۆر هێنراوەتە کەرکوک، وتى"ئەمە زیانى گەورە بە پێکهاتە ڕەسەنەکانى کەرکوک دەگەیەنێت."

زیاتر لە مانگ و نیوێکە، یەکێتى و پارتى لەسەر دانانى پارێزگارێکى کورد بۆ کەرکوک رێککەوتوون، دەنگى ئەمەریکا لەوبارەیەوە چەند پرسیارێکى ڕووبەڕووى خالد شوانى کردەوە، بەڵام ئامادەنەبوو وەڵامى هەندێک لە پرسیارەکان بداتەوە، تەنها وتى"لیژنەپێکهێنراوەکەى یەکێتى و پارتى پرۆژەیەکى سیاسی نوسیوەتەوە، کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکانى ناو لیستى برایەتى کراوە، پەیوەندى بەعەرەب و تورکمانیشەوە کراوە و بەم نزیکانە کۆدەبینەوە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:48 0:00

XS
SM
MD
LG