Accessibility links

حزبە کوردیـیەکان بیرۆکەى یەک لیستى بۆ هەڵبژاردنى پارێزگاکان تاووتوێ دەکەن


جگە لە پارتى دیموکراتى کوردستان کە هێشتا بارەگاى بۆ کەرکوک نەگەڕاندۆتەوە، زۆربەى حزبە کوردیەکانى تر، گفتووگۆ لەسەر بیرۆکەى یەک لیستى بۆ هەڵبژاردنى داهاتووى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک دەکەن.

رێباز صابر بەرپرسى مەڵبەندى کەرکوکى کۆمەڵى ئیسلامى، وێڕاى ئاماژەکردن بەوەى بیرۆکەى یەک لیستى هێزە کوردیەکان لە کەرکوک، بیروکەى حزبەکەیەتى، جەختى لەسەر ئەوەشکردەوە "گەر کورد بەیەک لیست لە ناوچە کێشە لەسەرەکان بەشدارى هەڵبژاردن نەکات، ئەوا زەرەمەندێکى گەورە دەبێت."

رێباز صابر، بە دەنگى ئەمەریکاى وت"دەمانەوێت لەداهاتوودا کۆبونەوەیەکى فراوان لەسەر ئاستى باڵا بۆ حزبە کوردیەکان رێکبخەین، تا بیرۆکەى یەک لیستى بە وردى تاوتوێ بکەین."

هەرچەندە بەرپرسەکەى کۆمەڵى ئیسلامى، ئاماژەى بەوەشکرد کە لەبەرنامەیاندایە بۆ یەک لیستى حیزبە کوردیەکان، گفتووگۆ لەگەڵ پارتى دیموکراتى کوردستانیشدا بکەن، بەڵام هێشتا بەرپرسانى ئەو حزبە لە رێگەى دادگاى ئیتیحادى عێراقەوە شەڕى دواخستنى هەڵبژاردن دەکەن.

عامر ڕەفعەت ئەندامى لقى خانەقینى پارتى دیموکراتى کوردستان، بە دەنگى ئەمەریکاى وت"بەشدارى کردنى حیزبە کوردیەکان بەیەک لیست بۆ هەڵبژاردن کارێکى گرنگە، بەڵام هێشتا عەسکەرتاریەت بەسەر دۆخى ناوچە کێشەلەسەرەکاندا زاڵە و بۆ هەڵبژادن گونجاو نیە."

حزبە کوردیەکان هەڵبژاردنى داهاتووى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق بە هەڵبژاردنێکى چارەنوسساز دەبینن، بەو پێیەى ئەنجامەکەى پێگەى داهاتوویان لەناوچە کێشەلەسەرەکان دیارى دەکات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:34 0:00

XS
SM
MD
LG