Accessibility links

نوێنەرى کاکەییەکانى کەرکوک ناوەڕۆکى کۆبونەوەیەکیان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرا دەکات


نوێنەرى کاکەییەکانى کەرکوک کە بەشدارى گفتوگۆى لەگەڵ وەفدى نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، دەڵێت بەهەڵە وەفدى نەتەوە یەکگرتوەکان لە دۆخى هەندێک ناوچەى دەوروبەرى کەرکوک تێگەیەنراوە.

دوێنێ پێنجشەمە، وەفدێکى نەتەوە یەکگرتوەکان سەردانى قەزاى داقوق و ناوچەکانى باشورى کەرکوکى کرد، بە جیا لەگەڵ کاکەیى و عەرەبەکانى ناوچەکەدا گفتوگۆى کردووە.

لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ دەنگى ئەمەریکا، رەجەب کاکەیى چالاکوان و نوێنەرى کاکەییەکانى کەرکوک، دەڵێت"دوێنێ وەفدەکەى نەتەوە یەکگرتوەکان لەلایەن بەرپرسانى عەرەبى سونەوە براوەتە گوندێکى باشورى کەرکوک کە عەرەبى هاوردەى تێدایە."

بەپێى وتەى رەجەب کاکەیى، ئامانجى سەردانى وەفدەکە، بینینى دۆخەکە بووە بە شێوەى مەیدانى تا مەسەلەکان دیکۆمێنت بکەن، وتى"عەرەبەکان داوایانکردووە گرێبەستە کشتوکاڵیەکانیان لەسەر بنەماى گرێبەستەکانى سەردەمى بەعس بۆ نوێ بکرێتەوە، لەکاتێکدا زەویەکان لەبنەڕەتدا هى کوردن و بەعس پێیداون."

پێش سەردانیکردنى گوندەکانى باشورى کەرکوک، دوێنێ پێنجشەمە، وەفدى نەتەوە یەکگرتوەکان لە قەزاى داقوق بەجیا چاویان بە نوێنەرانى کاکەیی و کوردەکانى ناوچەکە کەوتووە.

رەجەب کاکەیى، ئاماژەى بەوەکرد وەفدى نەتەوە یەکگرتوەکانیان لە سوتاندنى 3 هەزار دۆنم زەوى و دەیان خانو و ڕەزوباخى کاکەییەکان ئاگادار کردۆتەوە، وتى"وەفدەکەمان لە خراپى دۆخى ئەمنى و نەبوونى هێزى پێویست بۆ پاراستنى ناوچە کاکەیى نیشینەکان تێگەیاند."

سەردانەکەى دوێنێ پێنجشەمەى وەفدى نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ باشورى کەرکوک لە کاتێکدایە، ڕۆژى 20/6 ى ئەمساڵ، سەرۆکى نێردەى نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق سەردانى کەرکوکى کردووە، دواى بەجیا دانیشتنى لەگەڵ کورد و عەرەب و تورکماندا، لەگەڵ نوێنەرى پێکهاتەکانیشدا گفتوگۆى کردووە.

نوێنەرى کاکەیى، فەیلى، سابیئەو مەسیحى، لەگەڵ سەرۆکى نێردەى نەتەوەیەکگرتووەکان دانیشتوون، رەجەب کاکەیى لەو دانیشتنەدا نوێنەرایەتى کاکەییەکانى کردووە.

سەبارەت بە ناوەڕۆکى کۆبونەوەکەیان، رەجەب کاکەیى ئاماژەى بەوەکرد سەرەتا سەرۆکى نێردەى نەتەوەیەکگرتوەکان پێیوتوون، دەیەوێت لە دۆخى کەرکوک تێبگات، چونکە ڕاسپاردەیان بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغدا دەبێت، وتى"نوێنەرى مەسیحیەکان لە کۆبونەوەکەدا، ڕەتیکردەوە کەرکوک بەرمیلێک باروت بێت و نزیک بێت لە تەقینەوە."

دواتر رەجەب کاکەیى، بە ناوى کاکەییەکانى کەرکوکەوە خراپى دۆخى ئەمنى ناوچە کاکەیى نیشینەکانى باشورى کەرکوکى لەگەڵ سەرۆکى نێردەى نەتەوە یەکگرتوەکان باسکردووە.

رەجەب کاکەیى وتى"وەڵامى سەرۆکى نێردەى نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ ئێمە ئەوەبوو، دەیانەوێت ژوورێکى هاوبەش لەنێوان پێشمەرگەو سوپاى عێراق لە کەرکوک دروست بکرێت، تا خەڵکى ناوچەکانى کەرکوک بەئارامى بژین."

پێشتریش ئەنجومەنى سیاسى عەرەبى لەکەرکوک بەیاننامەیەکى لەسەر هەڵوێستى نەتەوە یەکگرتوەکان بڵاوکردەوە، بەلایەنگیرى کردنى کورد لەکەرکوک تۆمەتبارى کردبوون.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:42 0:00

XS
SM
MD
LG