Accessibility links

یەکێتى و پارتى لەسەر کەسێک بۆ پۆستى پارێزگارى کەرکوک ڕێککەوتن


دواجار یەکێتى و پارتى لەسەر کاندیدکردنى تەیب جەبار بۆ پۆستى پارێزگارى کەرکوک رێککەوتن، بەڵام پێناچێت رێککەوتنى ئەو دوو لایەنە کۆتایى بەمشت و مڕى دانانى پارێزگار بهێنێت، بەو پێیەى هێشتا گفتوگۆ لەگەڵ عەرەب و تورکمان نەکراوە.

ئەمڕۆ وەفدى هاوبەشى یەکێتى و پارتى لە شارى سلێمانى کۆبونەوە، دواتر لە پرێس کۆنفرانسێکدا، ناوى تەیب جەباریان وەکو کاندیدى هەردوولا بۆ پۆستى پارێزگارى کەرکوک راگەیاند.

کامەران کەرکوکى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لە کوتلەى پارتى، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"گەر عەرەب و تورکمان نەیەنە پێشەوە بۆ رێککەوتن لەگەڵیان، سەپاندنى پارێزگار لەلایەن کوتلەى برایەتیەوە سەر ناگرێت."

وتیشى"پارتى و یەکێتى وەکو دوو لایەن لەسەر کاندیدێک رێککەوتوون، ئەگینا ئەرکەکە لەسەر ئەنجومەنى پارێزگایە، دەبێت عەرەب و تورکمان ڕازى بن، ئینجا کێشەکە چارەسەر دەبێت."

یەکێتى و پارتى بەرێککەوتنیان لەسەر پۆستى پارێزگار، تۆپەکەیان فڕێدایە گۆڕەپانى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، کە ئەنجومەنێکى فرە پێکهاتەى پڕ لە مشت و مڕە.

ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لە 41 کورسى پێکدێت، لیستى برایەتى خاوەنى 26 کورسیەو بەپێى یاسا دەتوانێت پارێزگارێکى نوێ بۆ کەرکوک دابنێت، بەڵام گەر عەرەب و تورکمان رازى نەکرێن، لەڕووى واقیعیەوە گرفت دروست دەبێت.

کوتلەى عەرەبى خاوەنى 6 کورسیە و دوو بۆچوونى جیاوازیان تێدایە، بەشێکیان لەگەڵ لابردنى راکان جیبوری و وەرگرتنەوەى پۆستى جێگرى پارێزگاردان، بەڵام بەشى زۆریان پشتگیرى جبورین بۆ مانەوەى لە پۆستەکەى.

هەروەها کوتلەى تورکمانیش کە خاوەنى 9 کورسین، لە شیعەو سونە پێکهاتوون، سونەکان سەربە بەرەى تورکمانین و شیعەکانیش بەسەر لایەنە شیعیەکاندا دابەشبوون.

تورکمانەکان هەردوولایان چاویان لەسەر پۆستى سەرۆکى ئەنجومەنە، بۆیە پێناچێت لەنێو خۆیاندا بەئاسانى لەسەر ئەو پۆستە رێکبکەون، رێکنەکەوتنیشیان دیسانەوە گرفت بۆ پارێزگارە نوێ یەکە دروست دەکات.

جیا لە سیاسیە تورکمانەکان، بەرپرسانى حەشدى تورکمانیش هۆشدارى دەدەن و بە ناراستەوخۆ چاویان لەسەر ئەوەیە پێگەى داهاتویان لەکەرکوک پارێزراو بێت، بەتایبەت محەمەد مەهدى بەیاتى فەرماندەى رێکخراوى بەدر، هۆشداریدا لەوەى نابێت دۆخى کەرکوک بۆ پێش 16 ى ئۆکتۆبەر بگەرێتەوە.

عەلى حسێنى وتەبێژى حەشدى تورکمانى، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"پارتى و یەکێتى بەتەنها ناتوانن پارێزگار دابنێن، دەبێت لەبەغدا رێککەوتن بکرێت."

بەڵام جوان حەسەن ئەندامى کوتلەى یەکگرتووى ئیسلامى لە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، پێیوایە گەر کورد پارێزگار بۆ کەرکوک دابنێت، هەرچەندە لەسەرەتاوە هەندێک گرفت دروست دەبێت، بەڵام دواجار پێکهاتەکان ناچارن مامەڵەى لەگەڵدا بکەن.

جوان حەسەن ، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"تورکمان چاوى لەسەر پۆستى سەرۆکى ئەنجومەنە، عەرەبەکانیش دەیانەوێ راکان بڕواتە بەغداو پۆستى جێگرى پارێزگار وەربگرنەوە، بۆیە رەنگە دانوستان لەگەڵیان ئەنجامى هەبێت."

تەیب جەبار، کاندیدى هاوبەشى یەکێتى و پارتى بۆ پۆستى پارێزگارى کەرکوک، لە ساڵى 1954 لەگوندى تەپەلوى سەربە ناحیەى قەرەحەسەن ى پارێزگاى کەرکوک لەدایکبووە، یەکێکە لە شاعیر و نوسەرەکانى شارى کەرکوک و پێشتر پۆستى بەرێوەبەرى گشتى هەبووە لە وەزارەتى ئاوەدانکردنەوەى هەرێم.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:41 0:00

XS
SM
MD
LG