Accessibility links

بەرپـرسێکی پارتى: گەر بە خێرایى دۆخى کەرکوک ئاسایى نەکرێتەوە دەبێت هەڵبژاردن لەو شارە دوابخرێت


جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى سەرکردایەتى کەرکوک/ گەرمیانى پارتى، رایگەیاند هیچ سەقفێکى زەمەنى بۆ گەڕانەوەى حیزبەکەى بۆ کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان دانەنراوە، بەپێویستیشى دەزانێت هەڵبژاردن لەکەرکوک دوابخرێت، گەر بە خێرایى دۆخى شارەکە ئاسایى نەکرێتەوە.

لە گفتووگۆیەکدا لەگەڵ دەنگى ئەمەریکا، دیارى حسێن ئەندامى سەرکردایەتى و جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى سەرکردایەتى کەرکوک/ گەرمیان ى پارتى، دەڵێت"ئێمە لەگەڵ حکومەتى عێراق دا، هاوبەش و شەریکین، وەزیرمان هەیە لەنێو ئەو حکومەتەدا، سەردانمان دەکەن و سەردانیان دەکەین، بۆیە کێشەمان نیە لەگەڕانەوە بۆ کەرکوک." بەڵام وەکئەو جەختى لەسەر دەکاتەوە، کاتێک بارەگاکانیان دەبەنەوە، دۆخەکە ئاسایى بکرێتەوە، پێشمەرگە و سوپاى عێراق بەهەماهەنگى ناوچەکە بپارێزن.

سەبارەت بەو دەنگۆیانەى کەن گوایە پارتى ئامادەکارى دەکات بۆ بردنەوەى بارەگاکانى بۆ کەرکوک لەناوەڕاستى مانگى تەموزدا، بەرپرسەکەى پارتى باسیلەوەکرد ئەوان کێشەى گەڕانەوەیان بۆ کەرکوک نیە، بەڵام بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پارێزگاکان لەو شارە، دەبێت دۆخەکە ئاسایى بکرێتەوە، وتى"ئەگینا لەگەڵ ئەنجامدانى هەڵبژاردندا نین لەو کاتەى باسدەکرێت، بەڵام گەر دۆخەکە ئاسایى کرایەوە، ئاوارەکان گەڕانەوە و خەڵکى هێنراو گەڕێنرایەوە، هێز لەشارەکە ببرێتە دەرەوە، ئەوکات با هەڵبژاردن بکرێ، کێ بردیەوە، پیرۆزى بێت."

لە بەشێکى ترى قسەکانیدا بۆ دەنگى ئەمەریکا، جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى سەرکردایەتى کەرکوک/گەرمیان ى پارتى، روونیکردەوە گفتووگۆى نێوان هەرێم و بەغدا لەژێر چاودێرى نەتەوە یەکگرتوەکاندا بەردەوامە، وتیشى"هەست دەکەین، بەرەو پێش چوون هەیە، نیەتێک هەیە بۆ بردنى ناوچەکە بەرەو ئارامى."

دەربارەى داواکارى حیزبەکەى لەبەغدا و وەڵامى حکومەتى عێراق بۆ داواکاریەکانیان، دیارى حسێن وتى"ئێمە داواى جێبەجێکردنى دەستور و ئاسایى کردنەوەى ناوچەکە دەکەین، با دواتر سەرژمێرى بکرێت و پاشان راپرسى، تا بزانرێت خەڵکى ئەو ناوچانە هەرێم و بەغدا کامیان هەڵدەبژێرن."

جەختکردنەوەى بەرپرسانى پارتى لەسەر گەڕانەوەی بەمەرجیان بۆ کەرکوک، لەکاتێکدایە وادەى متمانەدانى پەرلەمان بەکابینەى نوێى حکومەتى هەرێم نزیک بووەتەوە، یەکێتى هەڕەشەى بەشدارى نەکردن لەحکومەت دەکات گەر کێشەى پارێزگارى کەرکوک یەکلایى نەکرێتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:52 0:00

XS
SM
MD
LG