Accessibility links

نەتەوە یەکگرتوەکان سەرپەرشتى گفتوگۆى نێوان پێکهاتەکانى کەرکوک دەکات


گفتوگۆ و دانوستانى نێوان پێکهاتەکانى کەرکوک بۆ ئاساییکردنەوەى دۆخى پارێزگاکە لە ژێر چاودێرى نەتەوە یەکگرتوەکاندا بەردەوامە، چاوەڕوان دەکرێت ئەنجامى گفتوگۆکان ئاساییکردنەوەى پەیوەندیەکانى نێوان هەرێم و بەغداى لێبکەوێتەوە.

گفتوگۆى نێوان پێکهاتەکان لەژێر چاودێرى نەتەوە یەکگرتوەکان لەبەغدا بەرێوەدەچێت، گفتووگۆکان تایبەتن بەیاساى هەڵبژاردن و ئاساییکردنەوەى دۆخى شارەکە.

مەریوان نادر یەکێک لەنوێنەرانى کەرکوک لە پەرلەمانى عێراق، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"بەسەرپەرشتى سەرۆکى لیژنەى یاسایی پەرلەمان و بەئامادەبوونى نوێنەرى پێکهاتە و وەزارەتەکان، گفتووگۆى چڕ لەسەر یاساى هەڵبژاردن و پاککردنەوەى تۆمارى دەنگدەران کراوە، یوئێن تەنها چاودێرى گفتووگۆکانى دەکرد و هیچ دەستوەردانێکیان نەکرد."

هەرێم و بەغدا بەچاودێرى نەتەوە یەکگرتووەکان، لە رێککەوتن لەسەر ئاساییکردنەوەى دۆخى پارێزگاکە و چارەسەرکردنى کێشەى زەوى یە کشتوکاڵیەکان نزیک بوونەتەوە، کەچاوەروان دەکرێت لەهەنگاوى دواتردا پارتى بارەگاکانى بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان بباتەوە.

مەریوان نادر وتیشى"وەزارەتى پێشمەرگەو بەرگرى عێراقیش لەگفتووگۆدان بۆ ئاساییکردنەوەى دۆخى کەرکوک."

گفتوگۆکانى بەغدا لەژێر چاودێرى نەتەوە یەکگرتوەکان، نیگەرانى ئەنجومەنى سیاسى عەرەبى لێکەوتۆتەوە، بۆیە ئەو ئەنجومەنە لە بەیاننامەیەکدا رەخنەى لە ئاراستەى گفتووگۆى نێوان پێکهاتەکان گرتووە.

لەبەیاننامەکەى ئەنجومەنى سیاسى عەرەبى دا، نەتەوە یەکگرتوەکان بەلایەنگیرى کردنى پێکهاتەیەکى دیاریکراو تۆمەتبارکراوە، هاتووە"لەگەڵ نزیک بوونەوە لەهەموارى یاساى هەڵبژاردنى پارێزگاکان، نەتەوە یەکگرتوەکان سەرپەرشتى گفتوگۆى پێکهاتەکان دەکات و پاڵپشتى پێکهاتەیەکى دیاریکراو دەکات لەسەر حسابى پێکهاتەکانى تر."

لاى خۆیەوە ئیسماعیل حەدیدى کەسایەتى دیارى عەرەبى سونە لەکەرکوک، بە دەنگى ئەمەریکاى وت"کوتلەى عەرەبى بەشدارە لە گفتوگۆى پێهاتەکان لە بەغدا، ئێمە لەگەڵ گفتوگۆ و چارەسەرى کێشەکانداین."

بەڵام دیارى حسێن جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى سەرکردایەتى کەرکوک/ گەرمیان ى پارتى، ئاماژەى بەوەکرد کوتلەى عەرەبى دژى گفتوگۆ و دانوستانن.

ناوبراو وتى"ئەوان تەنانەت دژى دەستورى عێراقیشن."

گفتووگۆى نێوان پێکهاتەکانى کەرکوک لەبەغدا، لە کاتێکدایە لەسەر ئاستى هەرێمیش یەکێتى و پارتى بۆ دانانى پارێزگارێکى کورد بۆ شارەکە لەگفتوگۆدان.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:57 0:00

XS
SM
MD
LG