Accessibility links

بەرپـرسێکی یەکێتی ڕەخنەی توند لە محەمەدى حاجى مەحمود دەگرێت


جێگرى بەرپرسى مەڵبەندى کەرکوکى یەکێتى، ڕەخنەی توندی لە محەمەدى حاجى مەحمود سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان گرتووە، دەڵێت ئەو یەکێک بووە لەوانەی پـیداگیری دەکرد لەوەی کەرکوک تووشی ئەم کارەساتەی ئێستا بکات.

ڕەوەند مەلا مەحمود لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ دەنگى ئەمەریکا، وتیشی"یەکێتى باوەڕى وایە کێشەکانى کەرکوک، بەغدا و هەرێم لەگەڵ پارتى پێکەوە چارەسەر بکات، ئەمە رێککەوتنە و ئیمزاش کراوە، بەڵام لاى هەڤاڵانى پارتیەوە هەندێک موماتەڵە هەبوو."

وتیشى"هەڵبژاردنى کوردێکى کەرکوکى بە وەزیرى داد هەنگاوێکى گرنگ بوو، بۆیە ئومێدى چارەسەرکردنى کێشەکانى تریش دەکەین."

ڕەوەند مەلا مەحمود، ئاماژەى بەوەشکرد وەفدێکى مەکتەبى سیاسى یەکێتى، پارتى ئاگادارکردۆتەوە لەوەى بێ چارەسەرکردنى کێشەى کەرکوک بەشدارى لە حکومەتى هەرێم دا ناکەن، وتى"بڕیارە ئەمڕۆ وەفدێکى پارتی بێنە لاى یەکێتى بۆ گفتووگۆکردن لەسەر ئەو بابەتە، نیەتێک هەیە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان."

بەشێک لە بەرپرسانى کورد وایدەبینن کێشەى کورد لە کەرکوک بە دانانى پارێزگار چارەسەر نابێت، بەڵام بەرپرسەکەى یەکێتى پێیوایە دانانى پارێزگارێکى کورد بەشێکى زۆر لە کێشەکان چارەسەر دەکات، دەڵێت"ڕاستە دانانى پارێزگار دۆخى کورد ناباتەوە ئەو سەردەمەى کە پێشمەرگە لەحەمرین بوو، بەڵام بەو پۆستە دەتوانرێت پێش بەپرۆسەى تەعریب و لابردنى بەرپرسانى کورد بگیرێت، پارێزگار سەرۆکى وەحدەى ئیداریە و پۆستێکى گرنگە."

لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگى ئەمەریکا، محەمەدى حاجى مەحمود سکرتێرى حیزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان، بێ هیوایى خۆى نیشان دا لەوەى جارێکى تر دەسەڵاتى کوردى بۆ کەرکوک بگەڕێتەوە. لەو بارەیەوە ڕەوەند مەلا مەحمود وتى"ئێمە لە کەرکوک ماوینەتەوە، ئەوە محەمەدى حاجى مەحمودە دەبێت لە شارەزوورەوە بە دووربین سەیرى کەرکوک بکات."

وتیشى"کاک محەمەد یەکێک بوو لەوانەى پێداگیرى کرد کەرکوک توشى ئەم کێشە بکات کە ئێستا تێیداین، ئێمەى کەرکوکیەکان چەند هاوارمان کرد، پێمانگوتن توشى ئەم کێشە گەورەمان مەکەن، سوپاى عێراق دێت و توشى شەڕى قورس دەبین، کەچى کاک محەمەد دەیگوت، ئێمە دەوڵەت دروست دەکەین."

لە بەشێکى ترى قسەکانیدا بۆ دەنگى ئەمەریکا، بەرپرسەکەى یەکێتى ڕەخنەى لە ئیدارەى هەرێمى کوردستان گرت بەوەى کێشەکانى خۆیان بۆ کەرکوک گواستۆتەوە و توشى کارەساتى کردوون،وتى"ئیدارەى هەرێم دەسەڵاتى بەهێزى کوردیان لە کەرکوک بەمڕۆ گەیاند، راستە دەسەڵاتمان وەکو جاران نەماوە، بەڵام نەمانهێشتووە غەدر لەکورد بکرێت و پێشمان بە پرۆسەى تەعریب گرتووە."

لە کۆتایى قسەکانیدا بۆ دەنگى ئەمەریکا، بەرپرسەکەى یەکێتى روونیکردەوە کاندیدى ئەوان بۆ پۆستى پارێزگارى کەرکوک رزگار عەلى یە، وتى"نەشمانبیستووە برادەرانى پارتى رەخنەیان هەبێت، تەنها وتوویانە با بەشدار بین لە دانانى پارێزگاردا بۆ کەرکوک و دەنگى پێبدەین."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:28 0:00

XS
SM
MD
LG