Accessibility links

گەڕانەوەى ئەو عەرەبانەى کە قەرەبووی جێهێشتنى ناوچە کێشە لەسەرەکانیان وەرگرتووە


بەشێکى زۆر لەو عەرەبە هاوردانەى لە چوارچێوەى مادەى 140 ى دەستورى عێراقدا قەرەبوو کراونەتەوە و ناوچە کێشە لەسەرەکانیان جێهێشتووە، جارێکى تر بۆ ئەو ناوچانە گەڕاونەتەوە.

لە نێو مادەى 140 ى دەستورى عێراقدا کە پەیوەندیدارە بە ناوچە کێشەلەسەرەکان، بڕگەیەک تایبەت کراوە بەقەرەبووکردنەوەى ئەو عەرەبە هاوردانەى ئەو ناوچانە جێدەهێڵن و دەگەرێنەوە بۆ ناوچەکانى پێشوتریان.

بەپێى ئەو بڕگەیەى مادەى 140 کە تایبەتە بەقەرەبووکردنەوە، هەر خێزانێکى عەرەب 20 ملیۆن دینارى عێراقى و پارچە زەویەکى لەو ناوچەیەش پێدەدرێت کەبۆى دەگەرێتەوە.

لەکاتێکدا بەهەزاران خێزانى عەرەب، قەرەبووى جێهێشتنى ناوچەکێشە لەسەرەکانیان وەرگرتووە، کەچى دواى نەمانى دەسەڵاتى کوردى لەو ناوچانە، بەشێکى زۆریان جارێکى تر گەڕاونەتەوە.

ئیدریس عادل جێگرى بەرپرسى مەڵبەندى کەرکوکى یەکێتى، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"بەشێکى زۆرى عەرەبە هێنراوەکانى سەردەمى بەعس گەڕاونەتەوە بۆ کەرکوک و داقوق."

وتیشى"دەسەڵاتى ئێستاى کەرکوک و عێراقیش پشتیوانى گەڕانەوەیان دەکەن."

لە سەرەتاى ساڵانى هەفتاکانى سەدەى رابردوو، رژێمى بەعس بەهەزاران خێزانى کوردى لەناوچە کێشەلەسەرەکان ڕاگواست، دواتر عەرەبى لەپارێزگاکانى ترى عێراقەوە هێناو لە جێگەکانیان نیشتەجێى کردن.

دواى رووخانى بەعس لە ساڵى 2003 ، کوردەکان جارێکى تر بۆ ناوچەکانیان گەڕانەوە و عەرەبەکانیش ناوچەکەیان جێهێشت، بەڵام لە ئێستادا عەرەبەکان دیسانەوە گەڕاونەتەوە و لەگەڵ کوردەکان دا بووەتە کێشەیان.

نەجات حسێن ئەندامى کوتلەى تورکمانى لە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، ئاماژەى بەوەکرد ئەو عەرەبانەى کاتى خۆى بەعس لەسنورى کەرکوک نیشتەجێى کردوون، دووجار پارەیان پێدراوە، وتى"لە ساڵانى هەفتاکان کاتێک بەعس ئەو خێزانانەى هێنا بۆ زێدى کورد و تورکمانەکان، هەر خێزانێک پارچەیەک زەوى و بڕى 10 هەزار دینارى سویسرى پێدراوە."

وتیشى"لە چوارچێوەى مادەى 140 ى دەستوریشدا، هەر خێزانێکى عەرەب بڕى 20 ملیۆن دینار و پارچەیەک زەوى ترى پێدراوە ، تا بگەرێتەوە بۆ ئەو ناوچەیەى پێشتر بەعس لێوەى هێناوە."

نەجات حسێن، جەختیکردەوە"گەڕانەوەى ئەو عەرەبانەى قەرەبوویان وەرگرتووە بۆ سنورى کەرکوک، نایاساییە و پێشێلکردنى مافى کەرکوکیەکانە."

پاساوى حکومەتى عێراق و ئیدارەى کەرکوک بۆ پشتگیرى کردنى عەرەبەکان، ئەوەیە ئەو ناوچانە زێدى خۆیانە و لەدواى ڕووخانى بەعس بە زۆر پێیانجێهێڵراوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:11 0:00

XS
SM
MD
LG