Accessibility links

لایەنەکانى کەرکوک ڕەخنە لە یەکێتى و پارتى دەگرن


لایەنە کوردیەکانى کەرکوک ڕەخنە لە پارتى و یەکێتى دەگرن بەوەى رێک نەکەوتنى ئەو دوو حیزبە، پێگەى کوردى لەکورد بەتەواوەتى لاواز کردووە.

سەید کەمال بەرپرسى پەیوەندیەکانى کۆمەڵى ئیسلامى لە کەرکوک، پێیوایە ڕێککەوتنى یەکێتى و پارتى لەسەر دانانى پارێزگارێک بۆ کەرکوک و کارا کردنى ئەنجومەنى پارێزگا، دۆخى شارەکە تاڕادەیەک هێور دەکاتەوە، دەڵێت"خەڵکى کەرکوک باجى ململانێى نێوان یەکێتى و پارتى دەدات، یەکێتى و پارتى گەڕ ڕێکبکەون بەشێک لە کێشەکان چارەسەر دەبن و دۆخى کوردیش باشتر دەبێت."

لاى خۆشیەوە شێخ سدیق بەرپرسى حیزبى شیوعى لەپارێزگاى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ڕێککەوتنى یەکێتى و پارتى ماناى چارەسەرکردنى کۆى کێشەکانى کەرکوک نیە، بەڵکو بەشێک لەکێشەکان چارەسەر دەبن."

بەبڕواى جوان حەسەن ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لە کوتلەى یەکگرتووى ئیسلامى، ڕێک نەکەوتنى یەکێتى و پارتى پێگەى کوردى تەواو لاواز کردووە، دەرفەتى بە پارێزگارى ئێستاى کەرکوک داوە بە ویستى خۆى تەسفیەى کورد بکات.

جوان حەسەن بەدەنگى ئەمەریکاى وت"بەهۆى رێک نەکەوتنى یەکێتى و پارتى، گوندە کوردنیشینەکانى دەوروبەرى کەرکوک وێران بوون، دەغڵ و دانى جوتیاران سوتا، بودجەى کەرکوک لە گوند و ناوچە و گەڕەکە عەرەب نیشینەکاندا خەرج دەکرێت، بەرێوەبەرە کوردەکان لادەبرێن و عەرەب لەجێگەیان دادەنرێت."

بەڵام نەجات حسێن ئەندامى کوتلەى تورکمانى لە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، تیشکى خستە سەر ناکۆکى نێوان پێکهاتەکان لەسەر پۆستى پارێزگارى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"کورد داواى پۆستى پارێزگار دەکات بە حساب زۆرینەیەو ئیستیحقاقى خۆیەتى، عەرەبیش دەڵێت نەخێر ئێمە زۆرینەین و ئیستیحقاقى ئێمەیە، ئێمەى تورکمانیش دەڵێین، تائێستا پۆستى پارێزگار لاى ئەو دوو پێکهاتە بووە، با ئەمجارە لاى ئێمە بێت."

وتیشى"دەبێت هەر سێ پێکهاتەکە دابنیشین، لەسەر کۆى پۆست و کێشەکان بەتەوافق رێکبکەوین.

هاوکات ئیسماعیل حەدیدى کەسایەتى دیارى عەرەبى سونە لەکەرکوک، لە لێدوانێکدا بۆ دەنگى ئەمەریکا وتى"یەکێتى و پارتى خۆیان لەسەر پۆستى پارێزگار رێکناکەون، هەرکاتێک ئەوان رێککەوتن، ئینجا قسەلەسەر ئەو پۆستە دەکرێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:06 0:00

XS
SM
MD
LG