Accessibility links

سوتاندنى دەغڵ و دانى جوتیاران و ڕاى جیاواز


هۆکارى گڕ تێبەردان و سوتاندنى دەغڵ و دانى جوتیارانى ناوچە کێشەلەسەرەکان تێڕوانینى جیاوازى لەسەرە، بەشێک پێیانوایە پلانى نەخشە بۆ کێشراو لە پشت زیان گەیاندنەوەیە بە جوتیاران و بەشێکى تریش وەکو ڕووداوى ئاسایى لێیدەڕوانن.

عامر رەفعەت ئەندامى پێشووى ئەنجومەنى پارێزگاى دیالەو کارگێڕى لقى خانەقینى پارتى، پێیوایە دەستێکى گەورەى دەرەکى لە پشت سوتاندنى دەغڵ و دانى جوتیارانەوەیە.

ناوبراو، دەڵێت"ناوچە کێشەلەسەرەکان لەبەردەم هەڵبژاردن و سەرژمێرى دایە، پلانەکان بۆ ئەوەن تا رێژەى کورد لەو ناوچانە کەم ببێتەوە."

جەختیشیکردەوە،کورد لە ساڵى 2005 لە پارێزگاى دیالە 4 پەرلەمانتارى عێراق و 7 ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى دیالەى هەبووە، بەڵام ئێستا تەنها یەک پەرلەمانتارى عێراق و 3 ئەندامى ئەنجومەنى هەیە، وتى"هەڵبژاردن لەدواى هەڵبژاردن ئەو ناوچانە بەپلان بەکورد چۆڵ دەکرێن."

سوتاندنى دەغڵ و دانى جوتیاران زۆربەى پارێزگاکانى عێراقى گرتۆتەوە، بە تایبەت پارێزگاکانى کەرکوک و دیالە و سەڵاحەدینى بە چڕى گرتۆتەوە، چەندین جوتیاریش لەکاتى هەوڵداندا بۆ رێگرتن لە سوتاندنى دەغڵ و دانەکانیان، کوژراون و برینداربوون.

حەسەن محەمەد ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین و جێگرى مەڵبەندى حەمرین ى یەکێتى، سوتاندنى دەغڵ و دانى جوتیاران بە دەستى سیاسى ناودەبات، دەڵێت"پلانێکى یەکگرتووى ئیرهاب و ناحەزانى کوردە، بەتایبەت لەگەڵ سوتاندنى دەغڵ و دانى جوتیاراندا، هەوڵى کوشتنیشیان دراوە."

پێکهاتەکانى تر ڕەتیدەکەنەوە سوتاندنى دەغڵ و دانى جوتیاران دەستى سیاسى لە پشتەوە بێت، بەتایبەت سوتاندنى دەغڵ و دان پارێزگا جیاوازەکانى عێراقى گرتۆتەوە و جوتیارانى عەرەب و تورکمانیش زەرەرمەند بوون.

ئیسماعیل حەدیدى سەرۆکى پێشووى ئەنجومەنى سیاسى عەرەبى لەکەرکوک، ئاماژەى بەوەکرد سوتاندنى دەغڵ و دانى جوتیاران هۆکاری زۆرە، بەشێکى پەیوەندى بە ناکۆکى شەخسى و بەشێکى بەهۆى زۆرى دەغەڵى ئەمساڵەوەیە، وتى"هەندێک حاڵەتیش هەیە کە پۆلیسى ئیتیحادى دەوروبەرى بارەگا سەربازیەکانیان سوتاندووە، تا لە نێو دەغەڵەوە داعش لێیان نەدات، بەڵام دواتر ئاگرەکەیان پێ کۆنترۆڵ نەکراوە."

بەپێى ئامارەکانى بەرگرى شارستانى کەرکوک، تەنها لەو پارێزگایە 4 هەزار و نۆسەد و پەنجاو چوار دۆنم زەوى سوتاون، کە هۆکارى ئاگر کەوتنەوەکان جۆراو جۆربوون.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:41 0:00

XS
SM
MD
LG