Accessibility links

کۆبوونەوەى لوتکەى حیزبە کوردیەکان بۆ تاوتوێکردنى دۆخى کەرکوک بە پێویست دەزانرێت


بزووتنەوەى گۆڕان داواى کۆبوونەوەى لوتکە لە حیزب و لایەنە کوردیەکان بۆ تاوتوێکردنى دۆخى ناوچە کێشەلەسەرەکان دەکات، بەڵام ئەنجامدانى ئەو کۆبونەوەیە بە قورس دادەنرێت.

بزووتنەوەى گۆڕان لەراگەیەنراوێکدا، داواى کۆبونەوەى لوتکەى لە حیزبە کوردیەکان بۆ تاوتوێکردنى دۆخى ناوچە کێشەلەسەرەکان کردووە، بەپاساوى ئەوەى "نەبوونى گوتارى یەکگرتوى بەهێز" دەرفەتى بۆ عێراق رەخساندووە ، تا ئەو ناوچانە بخاتە بەردەم شاڵاوى"داگیرکردن و پاکتاوکردن و بەعەرەب کردن".

کوێستان محەمەد ئەندامى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئێستا دۆخى کورد لەهەمووکات خراپترە لەناوچە کێشەلەسەرەکان، دەغڵ و دانیان دەسوتێنرێ، خانویان دەڕووخێنرێ، بۆیە پێویستە حیزبەکان کۆ ببنەوە و چارەسەرێک بۆ دۆخەکە دابنێن."

کۆبونەوەى حیزبە کوردیەکان بۆ تاوتوێکردنى دۆخى ناوچە کێشەلەسەرەکان ئەستەمە، بەو پێیەى ناکۆکى نێوان یەکێتى و پارتى لەسەر کەرکوک، وایکرد تەنانەت ئەمڕۆ فراکسیۆنى یەکێتى بایکۆتى کۆبونەوەى پەرلەمان بکات.

ئیدریس عادل جێگرى بەرپرسى مەڵبەندى کەرکوکى یەکێتى، پارتى تۆمەتبارکرد بە تێکدانى یەکریزى کورد، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"پارتى لە هەموو بەڵێنەکانى کەبەیەکێتى دابوو بۆ هەڵبژاردنى پارێزگارى کەرکوک پاشگەز بووەتەوە."

وتیشى"گەر پارێزگارێکى کورد بۆ کەرکوک دابنرێت، 50%ى کێشەکان چارەسەر دەبن، بەڵام پارتى نایەوێت ئەوە بکات."

لەبەرانبەردا عەدنان کەرکوکى وتەبێژى ئەنجومەنى سەرکردایەتى کەرکوک/ گەرمیان ى پارتى، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"ئێمە لەگەڵ یەکریزى کوردداین، دەبێت حکومەت کار بۆ ئاساییکردنەوەى دۆخى ناوچە کێشەلەسەرەکان و رێککەوتن لەگەڵ عێراق بکات."

لەکاتێکدا ڕۆژ لەدواى ڕۆژ کێشەى کورد لەناوچە کێشەلەسەرەکان قوڵتر دەبێتەوە، بەڵام حیزبە کوردیەکان هەنگاوى پێویست بۆ چارەسەرکردنى دۆخى کورد لەو ناوچانە نانێن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:56 0:00

XS
SM
MD
LG