سەر لە بەیانى ئەمڕۆ سێشەممە، لە گوندێکى سەربە ناحیەى سەرگەڕانى پارێزگاى کەرکوک، پێکدادان لەنێوان ژمارەیەک گوندنیشینى کورد و عەرەب ڕوویداوە و بەو هۆیەوە هێزە ئەمنیەکان نزیکەى 30 کەسیان لە هەردوولا دەستگیرکرد.
گوندى پەڵکانە، ئەو گوندەى شەڕەکەى تێدا ڕوویداوە، گوندێکى کێشە لەسەرە و کورد و عەرەب لەسەر خاوەندارێتى کردنى ناکۆکیان هەیە، تائێستا چارەنوسى ئەو گوندە بەهەڵواسراوى ماوەتەوەو مشت و مڕى لەسەرە، هەرچەندە لەئێستادا کوردى تێدایە.
کوردەکان خۆیان بە خاوەنى گوندەکە دەزانن، بەو پێیەى لە ناوەراستى ساڵانى هەفتاکان دا رژێمى بەعس بەزۆر پێی چۆڵ کردوون و دواى 2003 بۆى گەڕاونەتەوە، عەرەبەکانیش کە لە ڕووخانى بەعسەوە گوندەکەیان جێهێشتووە، بەهۆى گۆڕانکاریەکانى مانگى ئۆکتۆبەرى 2017 ەوە دەیانەوێت جارێکى تر بگەرێنەوە بۆ گوندەکە و کوردەکان ڕازى نابن.
بەدرەدین شەمسەدین ئەندامى ئەنجومەنى ناحیەى سەرگەڕان کەلەکاتى قسەکردندا بۆ دەنگى ئەمەریکا لەگوندى سەرگەڕان بوو، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئەمڕۆ عەرەبەکان بەهێزێکى زۆرەوە رۆیشتونەتە نێو گوندى پەڵکانە و ویستوویانە بەزۆر داگیرى بکەنەوە، بۆیە شەڕ لەنێوان ئەوان و کوردەکانى گوندەکەدا ڕوویداوە."
وتیشى"عەرەب و کوردەکان بە بەرد و دار کەوتوونەتە گیانى یەکترى، بۆیە ئێمەش وەکو ناحیەى پۆلیسمان ئاگادار کردەوە."
ئاماژەى بەوەشکرد، پۆلیس 10 کەسى لەکوردەکان و 20 کەسیشى لەعەرەبەکان دەستگیرکردووە و کێشە بە هەڵواسراوى ماوەتەوە، وتى"زۆرێک لەعەرەبەکان گەڕاونەتەوە، بەڵام لەنێو گوندەکەدا لێیان ماوەتەوە."
لاى خۆیەوە هەڵۆ جەوهەر کە دانیشتویەکى گوندى پەڵکانەیە، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"ئێستا گوندى پەڵکانە عەرەبەکانى بەچەکەوە تێدایە و فەوجى مغاویریش پشتگیرى ئەوان دەکەن، بەڵام کوردەکان لەنێو ماڵەکانى خۆیاندان و دەرچوونیان لێ قەدەغەکراوە."
وتیشى"خەڵکێکى زۆر گیراوە، لەنێویاندا باوک و دووبراو دوو کوڕە ماممى تێدایە."
کێشەى نێوان جوتیارە کورد و عەرەبەکان گەر رەگێکى مێژوویى هەبێت و سەرچاوەکەى بگەرێتەوە بۆ سەردەمى بەعس، ئەوا لە ئێستاشدا کاریگەرى ناکۆکى نێوان کورد و پارێزگارى کەرکوکى پێوە دیارە، بەو پێیەى هەریەکەیان و پشتگیرى لایەکیان دەکەن.