Accessibility links

شوان داودى: قومار بە کەرکوکەوە کرا و دۆڕێنرا


ئەندامێکى پێشووى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتى، ڕەخنە لە پارتى و یەکێتى دەگرێت بەوەى لەکاتێکدا قوماریان بە کەرکوکەوە کردووە و دۆڕاندوویانە، کەچى بەردەوامن لە "موزایەدە"کردن بەو شارەوە.

لە چەند ڕۆژى رابردوودا، 100 پەرلەمانتار و رۆژنامەوان و کەسایەتى ناوچە کێشە لەسەرەکان کە زۆربەیان کادیرى یەکێتى بوون، سەبارەت بە 16 ى ئۆکتۆبەرى ساڵى 2017، داوایەکیان ئاراستەى ئەنجومەنى دادوەرى و داواکارى گشتى هەرێم کرد، داوایانکرد"لێکۆڵینەوە بکرێت و هۆکارەکانى لەدەستدانى کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان ڕوون بکرێتەوە."

شوان داودى پەرلەمانتارى پێشووى یەکێتى و یەکێک لەو کەسانەى واژۆى لەسەر داواکاریەکە کردووە، دەڵێت"کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان تەنها زەرەرمەندى ریفراندۆم و 16 ى ئۆکتۆبەر بوون، بۆیە لە رێگەى داواکاریەکى فەرمیەوە داوامان لە داواکارى گشتى و ئەنجومەنى دادوەرى کردووە لێکۆڵینەوە بکەن و ڕاستیەکانمان بۆ ئاشکرابکەن."

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگى ئەمەریکا، شوان داودى وتى"ئێمەى کەرکوکى قومارمان پێوەکراوە و دۆڕێنراوین، کەچى دەست بەرداریشمان نابن و موزایەدە و کڕین و فرۆشتنمان پێوە دەکرێ."

وتیشى"ئێمە دەزانین کەس لێپرسینەوەى لەگەڵ ناکرێت و هەمووى خاوەن هێزە، بەڵام دەمانەوێ بزانین بۆ وامانلێکرا، تا دەستبەردارمان بن و چیتر کڕین و فرۆشتنمان پێوە نەکرێ."

سەبارەت بەوەى بۆچى تەنها کادیرانى یەکێتى واژۆیان لەسەر داواکاریەکە کردووە، شوان داودى باسیلەوەکرد پرسى 16 ى ئۆکتۆبەر لەنێوان یەکێتى و پارتى دایە، ئەو دوو هێزەش بەرپرسیارن لە دۆخى ئێستاى کەرکوک، وتى"لەبەرچاوى یەکێتى شارەکە تەعریب دەکرێ، بەرێوەبەرە کوردەکان لادەبرێن، ئیهانەى کورد دەکرێ، یەکێتى هیچى پێناکرێت، پارتیش هیچى بۆ کەرکوک پێ نیە."

جەختیشیکردەوە، لە مەسەلەى 16 ى ئۆکتۆبەردا لەراگەیاندنى کوردیەوە زیاتر پەنجە بۆ یەکێتى درێژ دەکرێت، وتى"بۆیە بەپێویستمانزانى وەکو کادیرانى ئەو حیزبە داواى لێکۆڵینەوە بکەین."

لە رۆژى 16 ى ئۆکتۆبەرى ساڵى 2017 کورد زۆربەى ناوچە کێشەلەسەرەکانى لەدەستداو ئەو ناوچانە لەلایەن حکومەتى عێراقەوە کۆنترۆڵ کرانەوە، یەکێتى هۆکارى لەدەستدانى ئەو ناوچانە بۆ ریفراندۆم و پارتیش هۆکارەکەى بۆ "خیانەت"ى یەکێتى دەگێڕێتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:25 0:00

XS
SM
MD
LG