Accessibility links

کەمال کەرکوکى: پارێزگارى کەرکوک دەبێت نە پارتى بێت و نە یەکێتیش بێت


ئەندامێکى وەفدى دانوستانکارى پارتى، رەتیدەکاتەوە حیزبەکەى لەگەڵ یەکێتى نیشتیمانیدا رێککەوتنى هەبێت لەسەر هەوڵدان بۆ دانانى پارێزگارێک بۆ کەرکوک هاوکات لەگەڵ راسپاردنى مەسرور بارزانى دا بۆ پێکهێنانى حکومەتى هەرێم.

د.کەمال کەرکوکى ئەندامى مەکتەبى سیاسى پارتى، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"دەبێت کەسایەتیەکى نیشتیمان پەروەرى کوردى کەرکوک بکرێتە پارێزگار، نە یەکێتى بێت و نە پارتیش بێت، تا کار بۆ هەموو کەرکوکیەکان بکات نەک لایەنێکى سیاسى دیاریکراو."

وتیشى"ئەوەندەى من بزانم پارێزگارى داهاتوو کەسێکى نیشتیمان پەروەر دەبێت، بەڵام هێشتا کەسیش دیاری نەکراوە و زووە بۆ یەکلایى کردنەوەى ئەو بابەتە."

جەختکردنەوەى بەرپرسەکەى پارتى لەسەر دانانى پارێزگارێکى بێ لایەن بۆ کەرکوک و رەتکردنەوەى بەستنەوەى مەسەلەى پارێزگار بە دەست بەکاربوونى مەسرور بارزانیەوە، لەکاتێکدایە پێشتر رزگار عەلى ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکێتى، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاندبوو"بەپێى رێککەوتنى نێوان یەکێتى و پارتى، لەگەڵ راسپاردنى مەسرور بارزانى دا، هەوڵى وەرگرتنەوەى پۆستى پارێزگار دەدرێت و پۆستەکە بۆ یەکێتى دەبێت."

سەبارەت بەو کاتەى کە بەلاى پارتى یەوە گونجاوە بۆ هەوڵدان بۆ وەرگرتنى پۆستى پارێزگارى کەرکوک، کەمال کەرکوکى دەڵێت"دەبێت کەرکوک ئاسایى بکرێتەوە، پێشمەرگە و سوپا لەدەرەوەى شار جێگیربن و ژورێکى هەماهەنگیان هەبێت، کەرکوک رادەستى پۆلیسى ناوخۆیى بکرێت، بارەگاکانى پارتى دیموکرات و پارتى گەلى تورکمان رادەست بکرێنەوە، پاشان ئەنجومەن دەست بەکارببێتەوە."

د.کەمال کەرکوکى ماوەیەک فەرماندەى میحوەرى رۆژئاواى کەرکوکى پێشمەرگەش بووە، بۆیە دەربارەى جم و جۆڵەکانى شەوى رابردووى داعش، پێیوایە کاتێک پێشمەرگە لەسنورى کەرکوک کشاوەتەوە و بەربەست لەبەردەم داعشدا نەماوە، داعشێکى زۆر تێکەڵى شارەکان بوون، وتى"ئەو داعشانە هەر ساتێک بێت گرفت دروستەکەن."

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:20 0:00

XS
SM
MD
LG