Accessibility links

ئایدن مەعرووف: شتێکی ئاساییە و ھیچ روونادات ئەگەر پارێزگاری کەرکوک تورکمان بێت


Aydin Maaruf

ئایدن مەعرووف، سەرۆکی فڕاکسیۆنی بەرەی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند: نیگەرانن لە کۆبوونەوەکەی نێوان پارتی و یەکێتی ئەگەر بە ئامانجی دابەشکردنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک بێ، بە بێ رەزامەندی تورکمانەکان.

لە وەڵامی پرسیاری دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە ھەڵوێستی بەرەی تورکمان، لەسەر رێکەوتنی یەکێتی و پارتی بە تایبەت پەیوەست بە دانانی پارێزگارێکی یەکێتی لە کەرکوک گوتی:

ئێمە وەک بەرەی تورکمانی ئەوە دووپاتدەکەینەوە کە کەرکوک بە ھیچ شێوەیەک پەیوەندی بە کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە نییە. کەرکوک شارێکی ھەستیارە و دەشبێ بە ھەستییاریەوە مامەڵەی لە گەڵدا بکرێ، چونکە ئەم شارە بۆ ئێمە گرینگە و دەبێ ئیدارەی ھاوبەش ھەبێ و پۆستەکان بە یەکسانییەوە دابەش بکرێ.

ئێمە رێکەوتنی پارتی و یەکێتیمان لا ئاساییە و پێشمانخۆشە، بەڵام کەرکوک بابەتێکی دیکەیە و تایبەتە بە ئەنجوومەنی پارێزگا و بە حزبایەتی چارەسەر ناکرێ.

ئێوە ھۆشداریتان لەوە داوە کە پارتی و یەکێتی پارێزگار دابنێن. بۆ ئێوە لە کەرکوک ئێستا بارودۆختان باشترە یان ئەو کاتەی کورد لەوێ حوکمی دەکرد؟

لە وەڵامی ئەمەدا (ئایدن مەعرووف)گوتی:

رەوشی تورکمانەکان لە ناوچەکانی تەلەعفەر و موسڵ و کەرکوک ھیچ کاتێک باش نەبووە. تورکمانەکان بەردەوام بوونەتە ئامانجی لایەنەکان،ئەمە لەگەڵ ھاتنی داعش و دوای داعشیش. گوتیشی: بەرامبەر پێکھاتەی تورکمان نایەکسانی ھەیە، بۆیە ئێمە دەمانەوێ نوێنەرمان ھەبێ و داوای مافەکانی خۆمان بکەین. خۆ شتێکی ئاساییشە پارێزگار تورکمان بێ، من دەڵێم: لە ماوەی رابردوودا ئەوانەی حکومڕانی کەرکوکیان کردووە، جا سەر بە ھەر لایەنێک بن سیاسەتەکانیان ھەڵە بووە.

راستە ئێمە ھیچ کاتێک لە نەتەوەی کورد نیگەران نین و پەیوەندیشمان باشە، کێشەشمان لەگەڵ پارتی و یەکێتی و حزبەکانی دیکە نەبووە بەڵام داوای یەکسانی دەکەین.

وە ھەروەھا «سەرۆکی بەرەی تورکمانی» ئاماژە بەوەش دەدا: کە ئەوان لە حکومەت و پەرلەمان بەشدارن و لەگەڵ ئەوەدان نوێنەری راستەقینە بن و نەچنە ژێر کاریگەری ھیچ حزبێکەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:07 0:00

XS
SM
MD
LG