Accessibility links

عەرەب و تورکمان دژى ڕێککەوتنى نێوان یەکێتى و پارتین لەسەر کەرکوک


ڕێککەوتنى نێوان یەکێتى و پارتى کە دۆسیەى کەرکوکیشى تێدایە، کاردانەوەى لاى عەرەب و تورکمان دروستکردووە، بە تایبەت ئەو دوو پێکهاتە، تێکەڵکردنى دۆسیەى کەرکوک لەگەڵ پێکهێنانى حکومەتى هەرێم رەتدەکەنەوە.

ئەمڕۆ سێشەمە، ئەنجومەنى عەرەبى لە پرێس کۆنفرانسێکدا، دژایەتى خۆیان بۆ تێکەڵکردنى پرسى دانانى پارێزگارى کەرکوک بە رێککەوتنەکەى نێوان یەکێتى و پارتى خستەڕوو، داوایان لە عەرەب و تورکمانەکانى کەرکوک کرد خۆیان بۆ هەر پێشهاتێک ئامادە بکەن.

هەروەها دەستەى رێکخەرى باڵاى تورکمانى عێراقیش، لە راگەیەنراوێکدا، دانانى پارێزگارى بۆ کەرکوک لەلایەن یەکێتى و پارتیەوە بە"سەپاندنى پارێزگار" ناوبردووە، بەپێویستى زانیوە ئەو پرسە بەتەوافق یەکلایى بکرێتەوە.

ئایدن مەعروف سەرۆکى کوتلەى بەرەى تورکمانى لەپەرلەمانى کوردستان، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ناکرێت پرسى دانانى پارێزگارى کەرکوک تێکەڵ بە دۆسیەى پێکهێنانى حکومەتى هەرێم بکرێت."

وتیشى"پرسى پارێزگارى کەرکوک دەبێت بە رێککەوتن لە نێوان پێکهاتەکاندا یەکلایى بکرێتەوە."

لایەنە عەرەبى و تورکمانیەکان ترسیان هەیە یەکێتى و پارتى لەرێگەى ئەنجومەنى پارێزگاوە هەوڵى وەرگرتنەوەى پۆستى پارێزگارى کەرکوک بدەن، بەو پێیەى زۆرینەى نێو ئەنجومەنەکەن، بۆیە سڕکردنى ئەنجومەن داواکارى ئەمڕۆى عەرەبەکان و پۆستى پارێزگاریش داواکارى تورکمان بوو.

محەمەد عوسمان پەرلەمانتارى پێشوى یەکێتى لەپەرلەمانى عێراق، پێیوایە عەرەب و تورکمان لە مەسەلەکان تێنەگەیشتوون، بۆیە کاردانەوەیان نواندووە.

ناوبراو، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"بێ رێککەوتن و گفتووگۆ لەگەڵ عەرەب و تورکمان، هیچ هەنگاوێک نانرێت."

پێشتر دەنگى ئەمەریکا بڵاویکردەوە، عەرەب و تورکمان دژى گفتووگۆى نێوان یەکێتى و پارتین بۆ یەکلایى کردنەوەى پۆستى پارێزگارى کەرکوک.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:17 0:00

XS
SM
MD
LG