Accessibility links

ڕزگار عەلى: گەر یەکێتى و پارتى خۆیان رێکبکەون، عەرەب و تورکمان بە ئاسانى دێنە پێشەوە


ڕزگار عەلى، ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکێتى نیشتیمانى و یەکێک لە کاندیدانى حیزبەکەى بۆ پۆستى پارێزگارى کەرکوک، بە پێویستى دەزانێت لەمەودوا گفتووگۆ لەگەڵ عەرەب و تورکمان لەسەر مەسەلەى کەرکوک دەست پێبکرێت.

ڕزگار عەلى، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگى ئەمەریکا، دەڵێت"هەموو کاتێک گرنگە کورد گفتووگۆ لەگەڵ عەرەب و تورکمان بکات، بەتایبەت تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوانمان بۆ دروستکردنى ئیدارەیەکى نوێ نیە."

دوێنێ دووشەممە، پارتى و یەکێتى لەسەر پێکهێنانى حکومەتى هەرێم ڕێککەوتن، مەسەلەى کەرکوکیش یەکێک بووە لەتەوەرى سەرەکى گفتووگۆکانیان.

سەبارەت بەهەنگاوى دواى ڕێککەوتنەکەیان بۆ گفتووگۆکردن لەگەڵ عەرەب و تورکمانى کەرکوک، رزگار عەلى وتى"گەر یەکێتى و پارتى خۆیان رێکبکەون، پێموایە عەرەب و تورکمان بە ئاسانى بۆ ڕێکەوتن دێنە پێشەوە."

بەرپرسەکەى یەکێتى، بەپێویستى زانى یەکێتى و پارتى هەنگاوى فیعلى بۆ گفتووگۆکردن لەگەڵ عەرەب و تورکمان بنێن، وتى"ئەوەى لە ڕێککەوتنەکە ئیمزامان کردووە، دەبێت هەنگاوى فیعلى هەبێت."

هەرچەندە زۆرێک لە راگەیاندنى کوردى بڵاویانکردەوە، گوایە یەکێتى و پارتى لە سەر ڕزگار عەلى رێککەوتوون وەکو کاندید بۆ پۆستى پارێزگارى کەرکوک، بەڵام ناوبراو ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە، دەڵێت"لەسەر ناوى کاندید ڕێکنەکەوتووین، لەسەر مەبدەئەکە ڕێککەوتوین کە پۆستەکە بۆ یەکێتى بێت و دواتر لەسەر ناوى کاندید ڕێکدەکەوین."

پێشتر بەرپرسانى پارتى دیموکراتى کوردستان گەرانەوەیان بۆ کەرکوک رەتدەکردەوە، تائەوکاتەى دۆخى شارەکە ئاسایى دەکرێتەوە، لەو بارەیەوە ڕزگار عەلى وتى"پارتى لە شەنگالەوە تا خانەقین جەماوەرى خۆى هەیە، رۆژێک هەر دەگەرێنەوە، بەڵام بیروبۆچوونیان ئەوەیە هێشتا کاتى گەڕانەوەیان نەهاتووە."

لەبەشێکى ترى قسەکانیدا بۆ دەنگى ئەمەریکا، ڕزگار عەلى بە گرنگى زانى کورد ئامادەکارى بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق بکات و بەیەک لیست بڕواتە هەڵبژاردنەوە، چونکە وەکئەو دەڵێت"گەر پەرتەوازە بین و بەلیستى جیا بڕۆینە هەڵبژاردنەوە، زەرەر دەکەین."

لەکۆتایى قسەکانیشیدا، بەرپرسەکەى یەکێتى ئومێدى خواست لە رۆژانى داهاتودا، یەکێتى و پارتى هەنگاوەکانیان بۆ وەرگرتنەوەى پۆستى پارێزگارى کەرکوک دەست پێبکەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:39 0:00

XS
SM
MD
LG