Accessibility links

ژوورى هاوبەشى ئۆپەراسیۆنى کەرکوک بێ کورد پێکهێنرا


لە کاتێکدا یەکێتى و پارتى ململانێـیانە لەسەر پۆستى پارێزگارى کەرکوک، حکومەتى عێراق بەبێ بەشداریپـێکردنى هیچ نوێنەرێکى ئەمنى و سەربازى کورد، ژوورى هاوبەشى ئۆپەراسیۆنەکانى کەرکوکى پێکهێنا.

رێبوار تەها یەکێک لە نوێنەرانى کەرکوک لە پەرلەمانى عێراق، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ژوورى ئۆپەراسیۆنەکانى کەرکوک دەبێت کوردى تێدا بێت."

وتیشى"بەفەرمى داوامانکردووە کە نوێنەرێکى کورد لەنێو ژوورە هاوبەشەکەدا هەبێت."

ژوورى ئۆپەراسیۆنەکانى کەرکوک، لە هێزەکانى ناوخۆ و بەرگرى عێراق لەگەڵ حەشدى شەعبى و حەشدى عەشایەرى پێکدێت.

سەعد حەربیە، فەرماندەى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى کەرکوک، هۆکارى پێکهێنانى ژوورە هاوبەشەکەى بۆ سەپاندنى یاسا گێرایەوە، وتى"پێکهێنانى ژوورى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى کەرکوک بۆ ئەوەیە، تا هەموو هێزەکان لەژێر یەک بڕیاردا کاربکەن و هەماهەنگى هەبێت لەنێوانیاندا."

پێکهێنانى ژوورى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى کەرکوک بێ بەشدارى پێکردنى کورد، لەکاتێکدایە پێشتر فەرماندەکانى پێشمەرگە بانگەشەى گەڕانەوەیان بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان دەکرد.

نازم کەهیە رێکخەرى پێشوى پەیوەندیەکانى نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"فەرماندەى ژوورى ئۆپەراسیۆنە پێکهێنراوەکەى کەرکوک، پاساوى بۆ بەشدارى پێنەکردنى پێشمەرگە ئەوەبوو گوایە مەسەلەى پێشمەرگە سیاسیە."

وتیشى"پێکهێنانى ژوورى هاوبەش سود بە دۆخى ئەمنى ناگەیەنێت، داعش زیندوو بووەتەوە، چەند شەوێک لەمەوبەر داعشێک بە تەنها دەمانچەیەکەوە لەنێو کەرکوکدا، چەند سەربازێکى بریندارکردووە و هەڵاتووە."

لاى خۆشیەوە، کامەران کەرکوکى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، نەیشاردەوە کە کورد نیگەرانە لە پێکهێنانى ژوورى هاوبەشى ئۆپەراسیۆنەکانى کەرکوک بەبێ کورد.

please wait

No media source currently available

0:00 0:01:53 0:00

XS
SM
MD
LG