Accessibility links

ململانێى پێکهاتەکان لەسەر پۆستى پارێزگارى کەرکوک چڕ دەبێتەوە


ململانێى نێوان پێکهاتەکان لەسەر پۆستى پارێزگارى کەرکوک چڕتر دەبێتەوە، لەکاتێکدا ئەو پۆستە لاى عەرەبى سونەیە و کورد هەوڵەکانى بۆ وەرگرتنەوەى خستۆگەڕ، تورکمانیش داواى دەکات.

لە راگەیەنراوێکى پارت و حیزبە تورکمانیەکاندا، کە ئەمڕۆ دووشەمە بڵاویانکردۆتەوە، داواى پۆستى پارێزگارى کەرکوک دەکەن و دژى بردنى کۆبونەوەى ئەنجومەنى پارێزگا بۆ دەرەوەى کەرکوک وەستاونەتەوە.

نەجات حسێن ئەندامى کوتلەى تورکمانى لە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"عەرەب سودمەندە لە ناکۆکى نێوخۆیى کورد و بە 6 کورسى ئەنجومەنى پارێزگاوە، پۆستى پارێزگارى بردووە، تورکمانیش خاوەنى 9 کورسیە، بۆیە پۆستەکە بە مافى خۆى دەزانێت."

نەجات حسێن، بردنى کۆبونەوەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوکى بۆ هەولێر بەنایاسایى وەسفکرد، ئاماژەى بەوەکرد ئەنجومەنى پارێزگا هۆڵى هەیە و بەپێى پەیڕەوى ناوخۆ دەبێت کۆبونەوەکانى لەو هۆڵە بکات، وتى"ئەوان دەڵێن کەرکوک داگیرکراوە، ئەمە پاساوە، ئەگینا پارتى نایەوێت پۆستى پارێزگار بدرێتەوە بەیەکێتى و کێشەکانی نێوانیان هێناوە بۆ کەرکوک."

یەکێک لە خاڵە سەرەکیەکانى ناکۆکى نێوان یەکێتى و پارتى مەسەلەى کەرکوکە، یەکێتى دەیەوێت پارتى بۆ وەرگرتنەوەى پۆستى پارێزگار هاوکارى بێت، بەڵام پارتى بەمە ڕازى نەبووە، هەر ئەمەش وایکرد کۆبونەوەى ئەمرۆى ئەنجومەنى پارێزگا لەهەولێر ئەنجام نەدرێت.

رەوەند مەلا مەحمود جێگرى بەرپرسى مەڵبەندى کەرکوکى یەکێتى، وێراى جەختکردنەوە لەسەر ئەوەى کە پۆستى پارێزگار ئیستیحقاقى حیزبەکەیەتى، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"تورکمان بە داواکردنى پۆستى پارێزگار، دەیەوێت شتى تر بەدەست بێنێت، ئەگینا ئەوان دەزانن کەمینەن."

پۆستى پارێزگارى کەرکوک لەماوەى 17 ساڵى دواى رووخانى رژێمى بەعس بەدەست کوردەوە بووە، بەڵام لە مانگى ئۆکتۆبەرى ساڵى 2017 ەوە تائێستا پۆستەکە لاى عەرەبى سونەیە و کورد هەوڵى وەرگرتنەوەى دەدات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:46 0:00

XS
SM
MD
LG