Accessibility links

عێراق خۆى هێز ناباتە ناوچەکانى نێوان کفرى و خورماتو و رێگەى بردنى هێز بە پێشمەرگەش نادات


ناوچەیەکى بەرفراوان، لە سنورى نێوان قەزاى کفرى و قەزاى خورماتوى پارێزگاى سەڵاحەدین هیچ هێزێکى تێدا نیە، هێزە عێراقیەکان رازى نابن پێشمەرگە بڕواتە ئەو ناوچانە و خۆشیان هێزى بۆ نابەن.

رۆژى دووشەمە، پێشمەرگە هێزێکى بردە ناوچەى قورى چای نێوان ئەو دوو قەزایە و ویستى لەو ناوچەیەى هێزى تێدا نیە، خاڵى سەربازى دابنێت، بەڵام دواتر هێزە عێراقیەکان ناوچەکەیان پێ جێهێشتن.

عەمید حاجى عوسمان فەرماندەى ئەو هێزەى پێشمەرگە کە ویستیان لەنێوان قەزاکانى کفرى و خورماتو سەنگەر لێبدەن، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"پێشمەرگە و سوپاى عێراق روپێوى ئەو ناوچانەیان کردووە کە هیچ هێزێکى تێدا نیە، بۆ ئەوەى هێزێکى هاوبەشى بۆ پێکبهێنن."

وتیشى"هێزە عێراقیەکان خۆیان ناتوانن ئەو ناوچانە بەهێز پڕ بکەنەوە، رێگەش نادەن پێشمەرگە هێزى بۆ ببات."

رۆژى دووشەمەى رابردوو، پێشمەرگە هەوڵى دا لەو ناوچانەى هێزى تێدا نیە سەنگەر لێبدات، بەڵام درەنگانێکى ئێوارە هێزێکى عێراقى ئاگادارى کردنەوە کە سنورە جێبهێڵن.

عەلى حسێنى وتەبێژى میحوەرى باکورى عێراقى حەشدى شەعبى، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"لەلایەن سەروى خۆمانەوە ئاگادار کراوینەتەوە کە لێدوان لەسەر مەسەلەى هاتن و کشانەوەى پێشمەرگە لەسنورى خورماتو نەدەین."

وتیشى"پێشمەرگە لەگەڵ وەزارەتى بەرگرى گفتووگۆى هەیە، بۆیە ئێمە قسەى لەبارەوە ناکەین."

ئەو ناوچە فراوانەى نێوان قەزاکانى کفرى و خورماتو، کە دەکەوێتە نێوان سەنگەرەکانى پێشمەرگە و سوپاى عێراق و هیچ هێزێکى تێدا نیە، هەمان ئەو ناوچەیە کە بە پێگەى چەکدارانى داعش لەناوچەکەدا ناسراوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:01:41 0:00

XS
SM
MD
LG