پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتیمانى کوردستان، لە کاتێکدا لیژنەیەکى هاوبەشی چوار کەسیان بۆ گفتووگۆکردن لەسەر دۆخى کەرکوک پێکهێناوە، بەڵام هەریەکە و لاى خۆشیانەوە بەجیا لەویتریان، لە گفتووگۆدایە لەگەڵ پێکهاتەکان.
چەند رۆژێک لەمەوبەر، وەفدێکى یەکێتى بەسەرپەرشتى ئاسۆ مامەند سەردانى پێکهاتەکانى کەرکوکى کرد، لەملاشەوە مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان، لیژنەیەکى لە حیزبەکەى بۆ ئاساییکردنەوەى دۆخى کەرکوک پێکهێناوە.
دکتۆر کەمال کەرکوکى سەرۆکى لیژنەکەى پارتى بۆ ئاساییکردنەوەى دۆخى کەرکوک، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگى ئەمەریکا، دەڵێت"ئەو لیژنەیەى کە لەنێوان پارتى و یەکێتى دا پێکهێنراوە و لە 4 کەس پێکهاتوون، من تەدەخولى تێدا ناکەم، قسەشى لەسەر ناکەم"
دکتۆر کەمال کەرکوکى کە لەلایەن مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستانەوە، کراوەتە سەرۆکى لیژنەیەک بۆ گفتووگۆکردن لەگەڵ پێکهاتەکان و ئاسایى کردنەوەى دۆخى کەرکوک، ئاماژەى بەوەکرد دەبێت سەرجەم هێزەکانى پۆلیسى ئیتیحادى و دژە تیرۆر و حەشدى شەعبى لەکەرکوک بچنە دەرەوە، وتى"دەبێت دۆسیەى ئەمنى رادەستى پۆلیس و ئاسایشى ناوخۆى کەرکوک بکرێت، بەشێوەیەک پێکهاتەى ئەم هێزانەش، لەسەرجەم پێکهاتەکانى تێدا بێت."
دەربارەى میکانیزم و چۆنیەتى گفتووگۆکردنى لیژنەکەیان لەگەڵ لایەنەکان، بەرپرسى پارتى دەڵێت"وردەکاریەکان باس ناکەین، بەڵام لەگەڵ لایەنەکان یەکتربینین و کۆبونەوەمان هەیە، بۆچوونمان وایە دەبێت سوپاى عێراق و پێشمەرگەش لەدەرەوەى شارى کەرکوک بن."
دکتۆر کەمال کەرکوکى ، روونیشیکردەوە گەر سوپا لەکەرکوک چوونە دەرەوە، دەبێت بارەگاکانیان پێبدەنەوە، تا بەئاڵاى کوردستانەوە بگەرێنەوە، وتى"دواتر ئەنجومەن کارا دەکرێتەوە و دکتۆر نەجمەدین کەریم گەر بیەوێت دەست بەکاردەبێتەوە، گەر نەشیەوێت لایەنەکان لەسەر کەسێک بۆ جێگەکەى رێکدەکەون."
سەبارەت بە بۆچوونى لایەنەکان لەسەر خواستەکانیان، کەمال کەرکوکى وتى"لەگەڵ زۆر لایەن گفتووگۆکراوە، رۆژانەش لە پەیوەندیداین لەگەڵ لایەن و پێکهاتەکان."
دەربارەى ئەو پرسیارەى کە بۆچى یەکێتى و پارتى بەدوو لیژنەى جیا لەگەڵ لایەنەکان دا گفتووگۆ دەکەن، لەکاتێکدا لیژنەیەکى هاوبەشیان بۆ گفتووگۆکردن لەسەر دۆخى کەرکوک پێکهێناوە، کەمال کەرکوکى وتى"زور بابەت هەیە لەنێوان یەکێتى و پارتى دا، بۆچوونى جیاجیان لەسەرەو قابیلى گفتووگۆن، بەڵام لیژنەى ئێمە کە لەلایەن سەرۆک بارزانیەوە راسپێردراوین، تەنها بۆ ئاساییکردنەوەى دۆخى کەرکوکە."
بەجیا گفتووگۆ کردنى یەکێتى و پارتى لەگەڵ لایەن و پێکهاتەکان لەسەر دۆخى کەرکوک، لەکاتێکدایە ناکۆکى نێوان ئەو دوو لایەنە، رێگرە لەبەردەم کاراکردنەوەى ئەنجومەنى پارێزگا و یەکتریش لەسەر مەسەلەى کەرکوک تۆمەتبار دەکەن.