Accessibility links

وتەبێژى سەرۆکایەتى کۆمار: دۆسیەى هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان برایە دادگاى ئیتیحادى


وتەبێژى سەرۆکایەتى کۆمارى عێراق، لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگى ئەمەریکا، ئاماژەبە پەیوەندیەکانى نێوان هەولێر و بەغدا و ئەو گرفتانە دەکات، کە بەهۆى هەڵکردنى ئاڵاى کوردستانەوە لەکەرکوک لەلایەن یەکێتى یەوە دروست بوون.

حەسەن جیهاد ئەمین، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان له ‌کەرکوک تەشەنوجى دروستکردووە، بەڵام سەرۆک کۆمار رۆیشتوەتە سەر خەت و دۆخەکەى هێور کردۆتەوە."

بەپێى وتەى وتەبێژەکەى سەرۆکایەتى کۆمار، لەکاتى دروست بوونى گرفت دا لە سەر هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان لەکەرکوک، بەرهەم ئەحمەد ساڵەح و عادل عەبدولمەهدى گفتووگۆیان لەبارەى کێشەکەوە کردووە، وتى"دواتر هەردوولا پێیانباشبوو، دۆسیەکە ببرێتە دادگاى ئیتیحادى و لەوێ بریارى لەسەر بدرێت، بۆیە مەسەلەکە براوەتە دادگا."

سەبارەت بەو گفتووگۆیانەى لەبارەى چارەنوسى کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان لە ئارادان، حەسەن جیهاد ئاماژەى بەوەکرد سەرۆک کۆمار لەپەیوەندیدایە لەگەڵ لایەن و پێکهاتەکان، تازەترترین کۆبونەوەى دوێنێ کراوە لەگەڵ بەرەى تورکمانیدا.

ناوبراو وتى"سەرۆک کۆمار هانى پێکهاتەکانى داوە خۆیان لەسەر داهاتوى کەرکوک رێکبەون، بۆیە هەوڵى رێکخستنى کۆبونەوەیەک بۆ رێککەوتن لەسەر ئیدارەدانى کەرکوک دەدرێ، تا چارەسەر بۆ کێشە هەڵواسراوەکان بدۆزرێتەوە."

سەبارەت بە پەیوەندیەکانى نێوان هەرێم و بەغدا، حەسەن جیهاد روونیکردەوە پەیوەندیەکانى نێوانیان لە جاران باشترە، هەوڵى هێورکردنەوەى گرژیەکان و لێکتێگەیشتن لە ئارادایە، وتى"ئەوەى تائێستا گرفتە، پێنەدانى وەزیرە لەلایەن حکومەتى عێراقەوە بە یەکێتى، لەکاتێکدا گەر کورسیەکانى هاوپەیمانی بخەیتە سەر، 20 کورسى هەیە."

وتیشى"ئەو گلەیەى یەکێتى هەر ماوە، ئەوە نەبێت ، پەیوەندیەکان ئاسایین، کورد هەوڵى پشتیوانى کردنى حکومەتى عێراق و سەرخستنى کابینەى عادل عەبدولمەهدى دەدات، لەبەرانبەر پێدانى مافە دەستوریەکان بەکورد."

دەربارەى وەڵامى عادل عەبدولمەهدى بۆ گلەییەکانى یەکێتى، حەسەن جیهاد وتى"عادل عەبدولمەهدى پێیوایە ئەو پۆستە بدرێتە کوردێکى بێ لایەن."

هەندێک لە میدیاکان مەسەلەى گەڕانەوەى پێشمەرگە بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان و دروستکردنى ئیدارەیەکى هاوبەشیان بۆ ئەو ناوچانە وروژاندووە، بەڵام وتەبێژى سەرۆکایەتى کۆمارى عێراق وتى"جارێک هیچ شتێکى دیاریکراو نیە، لێرەو لەوێ قسەکراوە تا ئەمنیەتى ئەو ناوچانە باش بکرێ و بەهاوبەشى بەرێوەببرێ، بەڵام هیچ رێکەوتنێک نەکراوە."

هەفتەى رابردوو، دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵەح سەردانى تورکیاى کرد و دواى سەردانەکەى ناوبراو، هێزە ئەمنیەکانى سلێمانى هەڵمەتێکیان بۆ دەستگیرکردنى ئەندامان و لایەنگرانى تەڤەرى ئازادى دەستپێکرد، بۆیە بەشێک لە ئەندامانى ئەو حیزبە پەنجەى تۆمەتیان بۆ سەرۆک کۆمار درێژ کرد بەوەى دەستگیرکردنى ئەندامانیان پەیوەندى بەرێکەوتنى ناوبراوەوە لەگەڵ تورکیا هەبێت.

لەبەرانبەردا، حەسەن جیهاد دەڵێت"هەرچەندە من لەسەردانەکەدا لەگەڵى نەبووم، بەڵام پێموانیە مەسەلەکە پەیوەندى بەسەردانەکەى دکتۆر بەرهەمەوە بۆ تورکیا هەبووبێت."

لە وەڵامى پرسیارێکى ترى دەنگى ئەمەریکادا، سەبارەت بە ناکۆکى نێوان سەرۆک کۆمار لەگەڵ پارتى دیموکراتى کوردستان دا، حەسەن جیهاد وتى"من بە قسەیەکى کاک فازڵ میرانى ، وەڵامى پرسیارەکەت دەدەمەوە، کەوتى: تازە دکتۆر بەرهەم سەرۆک کۆمارە، هەم عێراق و وڵاتان مامەڵەى لەگەڵ دەکەن، پێموایە دۆخێکى کاتى یە چارەسەر دەبێت."

سەبارەت بە راستى و دروستى ئەو هەواڵانەى باس لە رێگەنەدان بە سەرۆک کۆمار دەکەن بۆ رۆیشتنە هەولێر و ئەگەرى چارەسەر بوونى ئەو کێشەیە، وتەبێژى سەرۆکایەتى کۆمار، دەڵێت"دکتۆر بەرهەم زۆر سەرقاڵە، سەفەرى زۆرە، بەداخەوە نەئەبوو کێشەکە وا قوڵ بێتەوە، بەڵام پێشتریش کێشە هەبووە و حول کراوە، ئەمیش حەل دەبێت."

لەکۆتایى قسەکانیدا بۆ دەنگى ئەمەریکا، وتەبێژەکەى سەرۆکایەتى کۆمار رەتیکردەوە زانیاریان لەبارەى رۆیشتنى هێزى سەربازى زیاترى ئەمەریکا بۆ عێراق هەبێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:21 0:00

XS
SM
MD
LG