Accessibility links

هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان لەنێوان فشارى بەغدا و پێداگیرى یەکێتیدا


هێشتا کاردانەوەى لایەنەکان لە بەرانبەر هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان لەکەرکوک لەلایەن یەکێتیەوە بەردەوامە، گەرچى دۆخەکە تا رادەیەک هێوربووەتەوە، بەڵام کێشەکە بە هەڵواسراوى ماوەتەوە.

شەوى سێشەمە، یەکێتى نیشتیمانى لە بریارێکى کوت و پڕدا، ئاڵاى کوردستانى لەسەر بارەگاکانى لەکەرکوک هەڵکرد، لەکاتێکدا پێشتر هێزە ئەمنیەکانى عێراق هەڵکردنى ئاڵاى کوردستانیان لەو شارە قەدەغەکردبوو.

بەپێى هەندێک زانیارى نافەرمى، بریارى هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان، بریارى فەرمى مەکتەبى سیاسى یەکێتى نەبووە، بەڵکو بریارى بەشێک لە سەرکردەکانى ئەو حیزبە بەپشتیوانى ئۆرگانەکانیان لەکەرکوک بووە، بەڵام رەوەند مەلا مەحمودى جێگرى بەرپرسى مەڵبەندى کەرکوکى یەکێتى، جەختى کردەوە"بریارەکە، بریارى کۆى سەرکردایەتى یەکێتى بووە."

رەوەند مەلا مەحمود، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئێمە حیزبێکى کوردستانین، لەهەمانکاتدا عێراقین، مەعقولە ناومان کوردستانى بێت و نەتوانین ئاڵاى کوردستان لەسەر بارەگاکانمان هەڵبکەین."

وتیشى"ئێمە ئاڵاى کوردستانمان هەڵکردووە، کێ دژیەتى، ئەوە دادگایە، با سکاڵا تۆمار بکات."

دەنگۆى گەڕانەوەى پارتى بۆ کەرکوک لەماوەى مانگى داهاتو لە ئارادایە، بۆیە هەندێک لەسەرچاوەکان بریارە کوت و پڕەکەى یەکێتى بۆ هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان بۆ ئەو مەسەلەیە دەگێڕنەوە، کە یەکێتى ترسى هەبووە لەوەى پارتى هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان بکاتە دەستکەوتى خۆى.

لەبارەى ئەگەرى گەڕانەوەى بۆ پارتى بۆ کەرکوک لەماوەى مانگى داهاتودا، دکتۆر محەمەد خورشید بەرپرسى لقى کەرکوکى پارتى، رەتیکردەوە لەسەر ئەو مەسەلە لێدوان بدات، وتى"هیچ تەعلیقێکم لەو بارەیەوە نیە."

هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان لەکەرکوک تەنها مشت و مڕى لەنێوخۆى هەرێم لێنەکەوتەوە، بەڵکو کاردانەوەى لاى هێزە عێراقیەکان و تەنانەت ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقیش دروستکرد.

سەرچاوەیەکى ئاگادار کە داوایکرد ناوى بڵاونەکرێتەوە، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانى عێراق تەواو نیگەران بووە لە بریارەکەى یەکێتى، لەگەڵ دکتۆر بەرهەم ساڵحى سەرۆک کۆماردا لەسەر ئەو مەسەلە گفتووگۆیان کردووە."

سەرچاوەکە، وتیشى"عادل عەبدولمەهدى بەسەرۆک کۆمارى وتووە، هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان ئەوى توشى ئیحراجى کردووە و خستویەتیە ژێر فشارى هەندێک لایەنى عێراقیەوە."

بەپێى وتەى سەرچاوەکە، سەرۆک کۆمارى عێراقیش داواى چارەسەرکردنى کێشەکە و ئاڵۆزنەبوونى دۆخەکەى کردووە، بەڵام هێشتا سەرۆک وەزیران پێداگیرى لەسەر داگرتنى ئاڵاکە و یەکێتیش رەتیدەکاتەوە.

رەوەند مەلا مەحمودى جێگرى مەڵبەندى کەرکوکى یەکێتى، پێیوایە پارتى دیموکراتى کوردستان لەپشت هاندانى هێزە عێراقیەکانەوەیە لەکەرکوک، وتى"پارتى لایەنەکان هان دەدات."

بەڵام محەمەد خورشید، رەتیکردەوە ئەوان هێزە عێراقیەکانیان هان دابێت، وتى"یەکێتى خۆیان پەیوەندیان لەگەڵ ئێران و حەشد و لایەنە عێراقیەکان بە هێزە، نەک ئێمە."

لەسەر ئاستى کەرکوکیش، عەرەب و تورکمان دژى بریارى هەڵکردنى ئاڵاى کوردستانن، بەپێویستى دەزانن دادگا کێشەکە یەکلایى بکاتەوە.

ئیسماعیل حەدیدى سەرۆکى پێشووى ئەنجومەنى ئەنجومەنى سیاسى عەرەبى لەکەرکوک، ئاماژەى بەوەکرد لەڕووى سیاسیەوە، ئەوان دژى هەڵکردنى ئاڵاى کوردستانن لەکەرکوک، وتى"ناکرێت دوو ئاڵاى فەرمى لەپاڵ یەکدا بەرز بکرێنەوە."

وتیشى"دەبێت دادگا، ئەم کێشەیە چارەسەر بکات."

یەکێتى کە هێشتا ئاڵاى کوردستان لەسەر بارەگاکانى دەشەکێتەوە ، هەوڵى هێورکردنەوەى دۆخەکە و تێپەراندنى دەدات، حکومەتى عێراقیش هێشتا دەستبەردارى داواکارى داگرتنى ئاڵاکە نەبووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:22 0:00

XS
SM
MD
LG