کۆبوونەوە سەرنەگرتووەکەى ئەمرۆى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک بۆ لابردنى رێبوار تاڵەبانى سەرۆکى ئەنجومەن، کێشەى نێوان یەکێتى و پارتى لەو پارێزگایە قوڵتر کردەوە و رێککەوتنى ئەو دوو حیزبەى بۆ لەمەودوا ئەستەم تر کرد.
بڕیاربوو ئەمڕۆ سێشەمە، کوتلەى یەکێتى لەگەڵ عەرەب و تورکمان پێکەوە کۆبونەوەى ئەنجومەنى پارێزگا ئەنجام بدەن و رێبوار تاڵەبانى لەپۆستەکەى لاببەن، بەڵام بەهۆى تەواو نەبوونى نیسابى یاساییەوە، کۆبونەوەکە شکستى هێنا.
ئازاد جەبارى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لە کوتلەى یەکێتى لەنێو لیستى برایەتى، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"کۆبونەوەکە دواخرا بۆ کاتێکى نادیار، تا ئەوکاتەى نیسابى یاسایى تەواو دەبێت."
سەبارەت بە هۆکارى شکست هێنانى کۆبونەوەکە، جەبارى وتى"دەستێوەردانى دەرەکى نەیهێشت کۆبونەوەکە سەربگرێت، تەلەفۆن و تەلەفۆنکارى روویدا ، ئەمەش وایکرد تەنها 12 کەس ئامادەبین."
کۆبونەوەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک و تەواوکردنى نیسابى یاسایى پێویستى بە 21 ئەندامى ئەنجومەنە، بەو پێیەى ژمارەى کورسیەکانى ئەنجومەن 41 کورسیە، بەڵام ئەمرۆ تەنها 12 ئەندام ئامادەبوون، بۆیە کۆبونەوەکە سەرینەگرت.
کامەران کەرکوکى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لەکوتلەى پارتى لەنێو لیستى برایەتى، دەڵێت"ئەوانەى هەوڵى کۆبونەوە دەدەن و سەرناگرێت، با بۆخۆیان گڵ بکەن بەسەرى خۆیاندا."
ئەندامەکەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، ئاماژەى بەوەکرد ئەوان پێشتر داوایانکردووە لەدەرەوەى کەرکوک وەکو لیستى برایەتى کۆببنەوە، کە ژمارەیان 26 ئەندامە، بەڵام ئەندامانى کوتلەى یەکێتى نەرۆیشتوون، وتى"ئێمەش ناچین بۆ ناو ئەنجومەن، گەر لەگەڵ عەرەب و تورکمان رێک نەکەوتنایە ، دەمانتوانى لەدەرەوەى کەرکوک کۆبوینایەتەوە، بۆیە ئەوان با خۆیان بچن عیلاجى دۆخەکە بکەن."
کۆبونەوە سەرنەگرتوەکەى ئەمرۆى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک کە یەکێتى نیشتیمانى جوڵێنەرى بوو، پێدەچێت درزى ناکۆکیەکانى نێو ماڵى کورد لە کەرکوک قوڵتر بکاتەوە، بەو پێیەى پارتى و یەکگرتوى ئیسلامى دژى بوون.