یەکێتى نیشتیمانى لە هەوڵى سەرخستنى کۆبوونەوەکەى سبەینێ سێشەممەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوکدایە، بۆ لابردنى ڕێبوار تاڵەبانى سەرۆکى ئەنجومەنەکە، پارتى و یەکگرتووى ئیسلامیش دژى هەوڵەکانى یەکێتین.
جگە لە یەکێتى نیشتیمانى، بڕیارە ژمارەیەک لە ئەندامانى کوتلەى عەرەبى و تورکمانیش بەشدارى کۆبوونەوەکە بکەن، بەو پێیەى پێشتر پێکەوە بڕیارى ئەنجامدانى کۆبونەوەکەیان بۆ لابردنى رێبوار تاڵەبانى داوە، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کۆبوونەوەکە سەرنەگرێت بەهۆى تەواونەبوونى نیسابى یاساییەوە.
ئەحمەد عەسکەرى سەرۆکى کوتلەى یەکێتى لە نێو لیستى برایەتى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، بە دەنگى ئەمەریکاى ڕاگەیاند"گەر نیساب تەواو بێت، کۆبوونەوەکەى سبەینێى ئەنجومەنى پارێزگا ئەنجام دەدرێ."
وتیشى"گەر نیساب تەواو ببێت و کۆبوونەوەکە سەریگرت، باسى لابردنى سەرۆکى ئەنجومەن دەکرێ و موناقەشە دەکرێ."
ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لە 41 کورسى پێکدێت، گەر 21 ئەندام لە کۆبوونەوەکەى سبەینێ سێشەممەى ئەنجومەنى پارێزگادا بەشدارى بکەن، ئەوا ڕێژەکە دەکاتە پەنجا کۆ یەک و نیساب تەواو دەبێت بۆ لابردنى ڕێبوار تاڵەبانى.
ئەوەى تا ئێستا یەکلایى بۆتەوە، لە کۆى 26 کورسى لیستى برایەتى کوردى، تەنها 6 کورسى بەشدارى کۆبوونەوەکەى سبەینێى ئەنجومەن دەکەن، هەروەها چەند ئەندامێکى کوتلەى عەرەبى و تورکمانیش لە ئێستاوە بایکۆتکردنى کۆبوونەوەکەیان ڕاگەیاندووە، بۆیە پێناچێت بۆ کۆبونەوەکە نیسابى یاسایى تەواو ببێت.
جوان حەسەن ئەندامى کوتلەى یەکگرتوى ئیسلامى لە نێو لیستى برایەتى ئەنجومەنى پارێزگا، کە کوتلەکەى بایکۆتى کۆبوونەوەکەى سبەینێى ئەنجومەنى پارێزگا دەکات، دەڵێت"دەبوایە کورد لە کەرکوک سەر قاڵى ململانێى نەتەوەیى بووایە، نەک ململانێى حیزبى."
وتیشى"ململانێى نێوان پارتى و یەکێتى، وایکردووە بەکێشە نێوخۆییەکانى خۆمانەوە سەرقاڵ بین، لەبرى هەوڵى بەدەستهێنانى دەستکەوتى نەتەوایەتى."
هەوڵى یەکێتى بۆ لابردنى ڕێبوار تاڵەبانى لە پۆستى سەرۆکى ئەنجومەن بەپاساوى حوکمدانیەتى لە لایەن دادگاوە، بۆیە گەر دانیشتنەکەى سبەینێ سێشەمەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک سەربگرێت، ئەوا جەمال مەولود لەلایەن کوتلەى یەکێتىیەوە بۆ جێگرەوەى کاندید دەکرێت.