Accessibility links

کەرکوک: هێزە عێراقیەکان ئاڵاى کوردستانیان لەسەر بارەگاى شیوعى داگرت


Kerkuk

ئەمڕۆ دووشەمە لە رۆژى ئاڵاى کوردستان دا، لە نێو شارى کەرکوک و لە سنوورى ناحیەى جەلەولاى پارێزگاى دیالە، کێشە و گرفت لە نێوان هێزە عێراقیەکان و هێزە کوردیەکان دا ڕوویدا.

شێخ سدیق بەرپرسى محەلى کەرکوکى حیزبى شیوعى، ئاماژەى بەوەکرد ئەمڕۆ لە شارى کەرکوک و لەسەر بیناى بارەگاى حیزبەکەیان ئاڵاى کوردستانیان هەڵکردووە، کە هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان لەدواى 16 ى ئۆکتۆبەرەوە قەدەغەکراوە.

ناوبراو بەدەنگى ئەمەریکاى وت"دواى چەند کاتژمێرێک لەلایەن دژە تیرۆرى عێراق و پۆلیسى کەرکوکەوە ئاگادارکراونەتەوە، کە ئاڵاى کوردستان دابگرن."

وتیشى"ئێمە داگرتنى ئاڵاى کوردستانمان رەتکردەوە، بۆیە پۆلیسى عێراقى خۆیان هاتن ئاڵاکەیان لەسەر بارەگاکەمان داگرت."

هاوکات لە سەر بەرزکردنەوەى ئاڵاى کوردستان، لە بازگەیەکى هاوبەشى پۆلیسى عێراقى و ئاسایشى کوردى، لە نێوان ناحیەکانى جەلەولاى پارێزگاى دیالە و کوڵەجۆى سنورى گەرمیان، کێشەو گرفت دروستبووە.

بەپێى زانیاریەکانى دەنگى ئەمەریکا، کاتێک ئاسایش ئاڵاى کوردستانیان هەڵکردووە، هێزێکى عێراقى لەسنورى بازگەکە نزیک بوونەتەوە، بۆیە هێزى ئاسایشى کوردیش خراونەتە حاڵەتى ئامادەباشیەوە.

موقەدەم سمکو محەمەد بەرێوەبەرى ئاسایشى کوڵەجۆ، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"گرژى نێوان ئێمە و هێزە عێراقیەکان کۆتایى هات، رێککەوتین ئاڵاى عێراق و کوردستانیش لەسەر بازگە هاوبەشەکە بمێنێتەوە."

ئەمڕۆ لەزۆربەى شاروشارۆچکەکانى هەرێمى کوردستان و لەرۆژى ئاڵادا، بەمەراسیم و ئاهەنگ گێڕان ئەو رۆژەدا بەرز ڕاگیرا، بەڵام ئەم رۆژە لەناوچە کێشەلەسەرەکان و پێچەوانەى ساڵانى رابردوو، بەبێدەنگى تێپەڕێنرا.

please wait

No media source currently available

0:00 0:01:58 0:00

XS
SM
MD
LG