Accessibility links

وردەکارى سوتانى بازاڕى قەیسەرى کەرکوک


زیانى ئاگرکەوتنەوەکەى بازاڕى قەیسەرى شارى کەرکوک بە سەرووى دوو ملیار دینار مەزەندە دەکرێت، بە تایبەت بەهۆى ئاگرکەوتنەوەکەوە 235 دوکان سوتاون، کە بەشێکیان دوکانى زەرەنگەرن.

ئاگرەکەى شەوى ڕابردووى (دووشەممە) بازاڕى قەیسەرى لەکاتژمێر 11 ى شەو کەوتۆتەوە، دوکاندارەکان گومانیان لە هۆکارى کەوتنەوەى ئاگرەکە هەیە و بەرپرسانى کەرکوکیش، دەڵێن"بەدواداچوون بۆ هۆکارى کەوتنەکەى ئاگرەکە دەکەن."

ڕزگار جومعە، کە لەنێو بازاڕى قەیسەرى کەرکوک دوکانى زەرەنگەرى هەیە و بەشێک لە دوکانەکەى سوتاوە، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"پێش کەوتنەوەى ئاگرەکە، قوتویەک کراوەتە سەر کامیراى چاودێری بازاڕەکە، ئەمەش گومانەکانى ئێمەى تەواو لەسەر سوتاندنى بازاڕەکە چڕکردۆتەوە."

ڕزگارى دوکاندار کە بەهۆى ئاگرکەوتنەوەکەوە نزیکەى 35 هەزار دۆلار زەرەرى کردووە، ئاماژەى بەوەکرد هەوڵ هەبووە بۆ ئەوەى جێگەکانیان بکرێتە پرۆژەى وەبەرهێنان، هەروەها بیناى تریش لەنزیکیان هەیە کەدوکانەکانیان چۆڵن و بەکرێ نەگیراون، وتى"گومانەکان زۆرن، بەڵام چاوەڕێى ئەنجامى لێکۆڵینەوەکانین."

بازاڕى قەیسەرى کەرکوک لە 360 دوکان پێکهاتووە و خاوەنەکانیان کورد و عەرەب و تورکمانیشیان تێدایە، نزیکەى 80 دوکانیان زەرەنگەرن، ئەوانی تر لە دوکانى جل و بەرگرى ژنان و منداڵان و کەمالیات پێکهاتوون.

لەنێو ئاڵتون چیەکاندا، تێیدایە دەڵێت بەهۆى ئاگرەکەى شەوى رابردووەوە نزیکەى 10 کیلۆ ئاڵتونى سوتاوە، تێشیاندایە باس لە سوتانى دوو کیلۆ بۆ 5 کیلۆ ئاڵتون دەکات، داواکارى سەرەکیشیان قەرەبوو کردنەوەیانە.

قەیس عەبدولڕەزاق وتەبێژى بەڕێوەبەرایەتى بەرگرى شارستانى کەرکوک، بە دەنگى ئەمەریکاى ڕاگەیاند"تیمەکانیان توانیویانە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام زیانێکى زۆر بەر دوکاندارەکان کەوتووە و بەشێکى زۆر لە دوکانەکان سوتاون."

سەبارەت بە هۆکارى ئاگرکەوتنەوەکە، وتی"لیژنەکانمان بە هەماهەنگى لەگەڵ فەرمانگە حکومیەکانى تر، سەرقاڵى لێکۆڵینەوەن لە هۆکارى کەوتنەوەى ئاگرەکە."

لاى خۆشیەوە ڕاکان جبورى پارێزگارى کەرکوک ، لە ڕاگەیەنراوێکدا وێڕاى جەختکردنەوە لەسەر لێکۆڵینەوەکردن لە بارەى هۆکارى کەوتنەوەى ئاگرەکە، ئاماژەى بەوەشکرد کە هەوڵى قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتوەکان لە ڕێگەى حکومەتى ناوەندیەوە دەدەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:15 0:00

XS
SM
MD
LG