Accessibility links

پارێزگارى کەرکوک و نوێنەرانى کورد لەسەر زەویە کشتوکاڵیەکان رێکنەکەوتن


کۆبونەوەیەکى نێوان راکان جبورى پارێزگارى کەرکوک و ژمارەیەک ئەندامى ئەنجومەن بێ ئەنجام کۆتایى هات، کە تایبەت بوو بە کێشەى زەویە کشتوکاڵیەکانى باشورى کەرکوکى نێوان جوتیارە کورد و عەرەبەکان.

دوێنێ سێشەمە، پارێزگارى کەرکوک بە وەکالەت لەگەڵ چەند ئەندامێکى کوردى ئەنجومەنى پارێزگادا کۆبویەوە، بەڵام بەهۆى سوربوونى هەردوولایان لەسەر داواکاریەکانیان، کۆبونەوەکە بێ ئەنجام بوو.

کاکەرەش سدیق سەرۆکى لیژنەى مادەى 140 و ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"پارێزگارى کەرکوک دەیویست بەپێى یاساى 117 ى ساڵى 1970 ى تایبەت بە ئیسڵاحى زراعى مامەڵە لەگەڵ دۆسیەى جوتیارە کوردەکان دا بکرێت."

بەپێى یاساى ژمارە 117، زەوى لەژمارەیەک ئاغا وەرگیراوەتەوە لەسنورى کەرکوک ، دواتر زەویەکان دراونەتە ژمارەیەک جوتیار لە سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکان.

ئەوکات رژێمى بەعس ویستویەتى کێشەى زەوى و زارى جوتیارە کوردە تەرحیلکراوەکانى ساڵى 1975 بخاتە چوارچێوەى ئەم یاساوە، لەکاتێکدا کوردەکان بەزۆر لەسەر موڵکەکانیان دەرکرابوون و تەرحیلکرابوون.

کاکەرەش سدیق وتى"جوتیارە کوردەکان کاتى خۆى بەزۆر دەرکراون، بۆیە دەبێت مافیان بۆ بگێردرێتەوە، بۆیە ئێمە بەداواکاریەکانى پارێزگارى کەرکوک رازى نەبووین."

دواى کۆبونەوەکەى دوێنێ سێشەمە، پارێزگارى کەرکوک روونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە، تێیدا هاتبوو"لەکۆبونەوەکەدا جەخت لەسەر پابەند بوون بەیاساو رێنماییەکان کراوەتەوە."

کۆبونەوەکەى نێوان پارێزگار و ئەندامە کوردەکان، لەکاتێکدایە ماوەیەکە ناکۆکى قوڵ و تەنانەت پێکدادانیش لەنێوان جوتیارە کورد و عەرەبەکانى باشورى کەرکوکدا روویداوە.

جوتیارە کوردەکان کە ساڵى 1975 لە باشورى کەرکوک تەرحیلکراون، خۆیان بە خاوەنى زەویەکان دەزانن و جەخت لەسەر دەرکردنیان بە زۆر دەکەنەوە، جوتیارە عەرەبەکانیش کە لەساڵى 2003 ەوە ناوچەکەیان جێهێشتوە و دواى 16 ى ئۆکتۆبەر گەڕاونەتەوە، دەڵێن"زەویەکان هى ئێمەیە."

کاکە رەش سدیق، وتى"راکان جبورى سور بوو لە سەر داواکارى عەرەبەکان و ئێمەش بەتوندى رەتمانکردەوە، بۆیە کۆبونەوەکە دواخرا."

سەرهەڵدانەوەى ناکۆکى لەنێوان کورد و عەرەب لەسەر زەویە کشتوکاڵیەکانى کەرکوک، لەکاتێکدایە بەشێک لە جوتیارە عەرەبەکان لەچوارچێوەى مادەى 140 دا قەرەبوکراونەتەوە لەبەرانبەر جێهێشتنى ناوچەکە، بەڵام ئێستا جارێکى تر گەڕاونەتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:04 0:00

XS
SM
MD
LG