Accessibility links

پێکهێنانى هێزى هاوبەش خەریکە دەبێتە خواستى پێکهاتەکانى کەرکوک


لە کاتێکدا کێشمەکێشى نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر گەڕانەوەى پێشمەرگە و مانەوەى تەنهاى هێزە عێراقیەکان لەناوچە کێشەلەسەرەکان بەردەوامە، کار بۆ پێکهێنانى هێزى هاوبەش لە پێکهاتە جیاوازەکانى ئەو ناوچانە دەکرێت.

ئیسماعیل حەدیدى کەسایەتى دیارى عەرەبى لەکەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"لە کۆنفرانسى عەشایەرەکانى کەرکوکدا، کە کەسایەتیەکانى کورد و عەرەب و تورکمان تێیدا بەشداربوون، داواى پێکهێنانى هێزى هاوبەش بۆ شارەکە کراوە."

داواکارى عەشایەرەکانى کەرکوک بۆ پێکهێنانى هێزى هاوبەش، لەکاتێکدایە لەقەزاى خورماتوى پارێزگاى سەڵاحەدین ئامادەکارى بۆ دروستکردنى ئەو هێزە کراوە و ناوى 450 کەس رەوانەى وەزارەتى ناوخۆى عێراق کراوە.

لەو 450 کەسەى بۆ پێکهێنانى هێزە هاوبەشەکە ناونوسرکراون، 150 کەسیان کوردن و 300 کەسەکەى تریان لەنەتەوەى عەرەب و تورکمانن.

عەلى حسێنى جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى قەزاى خورماتو، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"چاوەروانى پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراقین، تا دروستکردنى هێزە هاوبەشەکە بخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە."

ئەنجومەنى سیاسى عەرەبى پێشوازى لە پێکهێنانى هێزى هاوبەش لەپێکهاتەکان دەکات بەمەرجى نەگەڕانەوەى هێزە کوردیەکان بۆ ئەو ناوچانە، کوردیش تائێستا پێداگیرى لەسەر گەڕانەوەى پێشمەرگە و تورکمانى شیعەش خاوەنى هێزى حەشدى شەعبى یە لەناوچەکەدا.

XS
SM
MD
LG