Accessibility links

ململانێى نێوان کورد و عەرەب لەسەر خاوەندارێتى زەویەکانى کەرکوک قوڵ دەبێتەوە


جوتیارە کوردەکانى سنوورى کەرکوک، چۆڵکردنى گوندەکانیان و رادەستکردنى زەویەکانیان بە عەرەبە "هاوردەکان" رەتدەکەنەوە، لە کاتێکدا پارێزگارى کەرکوک بڕیارێکى بۆ ئەو مەبەستە دەرکردووە.

راکان جبورى پارێزگارى کەرکوک بە وەکالەت، بڕیارێکى ئاڕاستەى ئیدارەى قەزاى داقوق ى باشورى کەرکوک کردووە، تێیدا بڕیاریداوە بە گێرانەوەى گوند و زەویەکانى سنورى ئەو قەزایە، بەو عەرەبانەى کە ساڵى 2003 ناوچەکەیان جێهێشتووە.

محەمەد عوسمان یەکێک لەنوێنەرانى کەرکوک لە خولى پێشوى پەرلەمانى عێراق، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"لایەنى کوردى لە بەغدا سەرقاڵى چارەسەرکردنى کێشەى جوتیارە کوردەکانى کەرکوکن."

وتیشى"ئیدارەى کەرکوک گوێ بە نوسراوى وەزارەتەکانى حکومەتى عێراق نادات، بۆیە گرفتەکە قوڵ بۆتەوە."

لە ناوەڕاستى ساڵانى هەفتاکانى سەدەى ڕابردوودا و لە چوارچێوەى پرۆسەى تەعریب و تەرحیلدا، حکومەتى بەعس سەدان گوندى کوردنیشینى بەدانیشتوانەکانیان چۆڵکرد و عەرەبى لە جێگەکانیان نیشتەجێ کرد، کەئەو عەرەبانە بە عەرەبى "هاوردە"ناسراون.

ساڵى 2003 کاتێک حکومەتى بەعس رووخا، کوردەکان جارێکى تر بۆ گوندەکانیان گەڕانەوە و عەرەبەکانیش ناوچەکانیان جێهێشت، بەڵام دواى 16 ى ئۆکتۆبەر لەسەر خاوەندارێتى کردنى گوندەکان، گرفت لەنێوان کورد و عەرەبە کاندا دروستبووە.

ئیدریس عادل بەرپرسى کۆمیتەى داقوق ى یەکێتى، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"نوێنەرانى کورد لەبەغدا کەمتەرخەم بوون، بۆیە دواى ساڵى 2003 نەیانتوانى کێشەى یاسایى و مەسەلەى خاوەندارێتى کردنى گوندەکان، لەنێوان کورد و عەرەبى هاوردەدا یەکلایى بکەنەوە."

لە دواى 16ى ئۆکتۆبەر ، چەندین جار گرفت و ناکۆکى لەنێوان کورد و عەرەبى هاوردەدا لە سنوورى کەرکوک سەریهەڵداوە، بەڵام ئیدارەى ناوچەکە بە شێوەى کاتى، ئەو گرفتانەیان پینەوپەڕۆ کردووە.

جوان حەسەن ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"کێشەى خاوەندارێتى کردنى ئەو گوندانەمان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتوەکان باسکردووە، بەڵام هیچیان بۆ چارەسەرکردنى کێشەکە پێنەکراوە."

بەسەدان گوند لەناوچە کێشە لەسەرەکان گرفتى خاوەندارێتى کردنیان هەیە، عەرەب و کوردە گوندنیشینەکان ململانێ یانە لەسەریان ، لە رابردووشدا هەرلایەکیان لەو ناوچانە دەسەڵاتیان لابووبێت، زەوى و گوندەکان بەدەست ئەو لایەنیانەوە بووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:36 0:00

XS
SM
MD
LG