Accessibility links

ململانێى نێوان پارێزگارى کەرکوک و یەکێتى دەگاتە بەغدا


یەکێتى نیشتیمانى بە نوێنەرەکانیدا، پەیامێکى نارەزایەتى لەبارەى بەیەکسانى دابەشکردنى پۆستەکانى کەرکوک بەرێژەى 32%بۆ هەر پێکهاتەیەک دەگەیەنێتە بەغدا، پارێزگارى کەرکوکیش سەرسوڕمانى خۆى لەو هەنگاوەى یەکێتى نیشان دەدات.

رەوەند مەلا مەحمود جێگرى بەرپرسى مەڵبەندى یەکێتى لە کەرکوک ، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"پۆستى پارێزگارى کەرکوک ئیستیحقاقى ئێمەیە، بۆیە هەروا دانانیشین."

یەکێتى وەفدێکى بۆ دژایەتیکردنى بەیەکسانى دابەشکردنى پۆستەکانى کەرکوک ناردۆتە بەغدا، لەبارەى ناوەرۆکى ئەو پەیامەى کە بە وەفدەکەدا ناردویانە، رەوەند مەلا مەحمود وتى"ناوەرۆکى پەیامەکە ئەوەبوو، ئەوەى بەرانبەر بە کورد لە بەغدا دەکرێت نایاسایى و نادەستوریە."

وتیشى"دانیشتوانى کەرکوک 51%ى کوردن، لەکۆى 12 کورسى پارێزگاکە، 6 کورسیمان هێناوە،بۆیە رازى نابین پۆستەکان بەیەکسانى دابەش بکرێن."

ئێوارەى دوێنێ پێنجشەممە، راکان جبورى پارێزگارى کەرکوک روونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە، تێیدا سەرسوڕمانى خۆى لەدژایەتیکردنى یەکێتى بۆ دابەشکردنى پۆستەکانى کەرکوک بەیەکسانى نیشانداوە.

راکان جبورى ئاماژەى بەوەکردووە، دەیانەوێت لەرێگەى بەیەکسانى دابەشکردنى پۆستەکانەوە، تەوافق و لێکتێگەیشتن لەنێوان پێکهاتەکاندا بێننە ئاراوە.

بەڵام جێگرى بەرپرسى مەڵبەندى کەرکوکى یەکێتى، وێراى رەتکردنەوەى پێشنیارەکەى پارێزگارى کەرکوک بۆ بەیەکسانى دابەشکردنى پۆستەکان، دەڵێت"بەیەکسانى دابەشکردنى پۆستەکان، پێشنیارێکى 15 ساڵ لەمەوبەرە، لەوکاتەوە سێ جار هەڵبژاردن کراوە، ئینجا ئیستیحقاقى کورد نیوەى پۆستەکانى کەرکوکە."

ململانێى نێوان یەکێتى و پارێزگارى کەرکوک لەسەر پۆستەکانى ئەو پارێزگایە، لە کاتێکایە بڕیارە کۆتایى ئەمساڵ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق ئەنجام بدرێت، بەڵام هێشتا ڕوون نیە لە کەرکوک دەکرێت یان نا.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:18 0:00

XS
SM
MD
LG