Accessibility links

کوردە گوندنیشینەکان: دەستى سیاسى لەپشت بەئامانج کردنمانەوەیە


گوندە کوردنیشینەکانى پارێزگاى دیالە لە بەردەم هەڕەشەى گروپە چەکدارەکاندان، ئەوەش لە کاتێکدایە دەیان گوندى سەر بە ناحیەکانى مەندەلى و سەعدیە دواى کوشت و بڕکردنى دانیشتوانەکانیان، بە تەواوەتى چۆڵکراون.

ئەحمەد زرگۆشى بەرێوەبەرى ناحیەى سەعدیەى پارێزگاى دیالە، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"کوردە زرگۆشیەکان، سەرجەم گوندەکانى دەوروبەرى ناحیەى سەعدیەیان جێهێشتوە و لە خانەقین و دەوروبەرى نیشتەجێ بوون."

وتیشى"کوردە زرگۆشەکان کە شیعە مەزهەبن، لەماوەى 10 ساڵى رابردوودا و تەنها لەچەند گوندێکدا، نزیکەى 250 کەسیان لەلایەن چەکدارە عەرەبەکانەوە لێکوژراوە."

هەرچەندە لایەنە کوردیەکان بەفەرمى گروپە تیرۆریستیەکان تۆمەتبار دەکەن بە هێرشکردنە سەر گوندە کوردنیشینەکان، بەڵام بەشێک لەگوندنیشینەکان پێیانوایە هەوڵدان بۆ دەرکردنیان لەگوندەکانیان و گۆڕینى دیمۆگرافیا، لەپشت بەئامانج کردنیانەوەیە.

دواى رووخانى بەعس لە ساڵى 2003 ، کوردەکانى مەندەلى کە زۆربەیان کوردى شیعە مەزهەبى قەرەڵوسین لەبەغداوە بۆ گوندەکانیان گەڕانەوە، بەڵام دواى بەکۆمەڵ کوژ کردنى 15 پیاویان لەگوندى حەمید شەفى، جارێکى تر گوندەکانیان جێهێشت و کۆچى پێچەوانەیان بۆ بەغدا کردەوە.

ئازاد حەمید شەفى سەرۆکى ئەنجومەنى ناحیەى مەندەلى، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"کوردەکانى مەندەلى کۆمەڵ کوژ کران، بۆیە گوندەکانیان بەناچارى جێهێشت."

دواى رووخانى بەعس لە ساڵى 2003 ژمارەیەکى زۆر لە کوردەکان بۆ گوندەکانیان لەپارێزگاکانى کەرکوک، دیالە و سەڵاحەدین گەڕانەوە، بەڵام لەدواى 16 ى ئۆکتۆبەرى ساڵى رابردوەوە بەچڕى کراونەتە ئامانج و بەناچارى جارێکى تر گوندەکانیان جێدەهێڵن.

فارس حسێن مەمە، موختارى گوندى حسێن مەمەى سەربە قەزاى خانەقین، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"گروپە چەکدارەکان بە زۆر گوندى مەردانیان بەدانیشتوانە کوردەکەى جێهێشت، ئێستا دەیانەوێ ئێمەش دەربکەن."

وتیشى"پلانى سیاسى لە پشت بە ئامانج کردمانەوەیە، ئەوان دەیانەوێ وەکو ساڵانى 1975 لە گوندەکانمان دەرمان بکەن، جارێکى تر عەرەب بهێننەوە و ماڵ و حاڵمان داگیربکەنەوە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:44 0:00

XS
SM
MD
LG