بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، پردێکى کاتى ئاسنین لە ناحیەى پردێ دابنرێت، بەمەبەستى کردنەوەى رێگەى نێوان کەرکوک- هەولێر، ئەمەش دواى ئەوەى لەرۆژانى رابردوودا وەفدى هەرێم و بەغدا لەسەرى رێککەوتن.
محەمەد نادر سەرۆکى ئەنجومەنى ناحیەى پردێ، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئامادەکارى بۆ دانانى پردى ئاسنین و کردنەوەى رێگەى نێوان کەرکوک _هەولێر دەستیپێکردووە، شۆفڵ و ئامێرەکانى شارەوانى سەرقاڵى پاککردنەوەى رێگەکەن."
وتیشى"بازگەى پێشمەرگە لە سنورى هەولێر و عێراقیش لەدیوى کەرکوک دەمێنن، بەڵام لەنزیک پردە ئاسنینەکە بازگەیەکى بچوکى هاوبەش دادەنرێت."
رێگەى کەرکوک_هەولێر لە رۆژى 16 ى ئۆکتۆبەرى ساڵى رابردەوە داخراوە، کاتێک بەهۆى شەرى نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکانەوە ، پردێکى گەورەى سەر رێگەکە تەقێنرایەوە.
کامەران کەرکوکى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"کردنەوەى رێگەکە رێکەوتنێکى محەلى یە، خەڵکى کەرکوک و هەولێر و سەرجەم ناوچەکانى تر لە ئازار و نارەحەتى رزگاردەکات."
وتیشى"رێکەوتنى هەمە لایەنە بۆ ئاساییکردنەوەى تەواوى دۆخى کەرکوک، پێویستى بەرێککەوتنى هەولێر و بەغدا هەیە."
بەکردنەوەى رێگەى نێوان هەولێر_کەرکوک، بۆ لەمەودوا هاتووچۆکردن لەنێوان ئەو دوو پارێزگایە ئاسان دەبێتەوە، کە پێشتر بەهۆى بچڕانى رێگەکەوە، دانیشتوانى هەردوولا رێگەیەکى دوور و درێژیان دەبڕى.