Accessibility links

حکومەتى عێراق پۆلیسى ئیتیحادى ڕەوانەى داقوق کرد و کاکەییەکانیش دەڵێن متمانەمان پێیان نیە


حکومەتى عێراق هێزێکى پۆلیسى فیدرالى رەوانەى ناوچەکاکەیى نیشینەکانى باشورى کەرکوک کردووە بۆ پاراستنیان لە هێرشى داعش، بەڵام کاکەییەکان متمانەیان بەهێزەکەى عێراق نیە و بەردەوامن لە بەجێهێشتنى ناوچەکە.

ماوەیەکە ناوچە کاکەیى نیشینەکانى کەرکوک کەوتونەتە بەر هێرشى چڕى داعش و تائێستا سێ گوندیان چۆڵکردووە، لەکاتێکدا هیچ هێزێکى عێراق لەناوچەکەیان جێگیرنەکراوە بۆ پاراستنیان، کەچى هێزە عێراقیەکان چەک هەڵگرتنیان لێسنوردارکردوون.

هاوڵاتیەکى کاکەیى دانیشتوى گوندى عەلى سەراى باشورى کەرکوک کەداوایکرد ناوى بڵاونەکرێتەوە، بەدەنگى ئەمەریکاى وت"هێزە عێراقیەکان خۆیان نامانپارێزن، کەچى رێگەش نادەن خۆمان پڕچەک بکەین بۆ ڕووبەروو بوونەوەى داعش."

وتیشى"رێگەیان پێداوین تەنها چەکێک و یەک مەخزەن فیشەک هەڵبگرین، کەبەشى دە خولەکمان ناکات تا بەکارى بهێنین بۆ رووبەروو بونەوەى داعش."

لاى خۆشیەوە زیاد کاکەیى، هاوڵاتیەکى دانیشتوى قەزاى داقوق ى رۆژئاواى کەرکوکە، کاتێک قسەى بۆ دەنگى ئەمەریکا کرد سەرقاڵى گواستنەوەى ماڵەکەى بوو بۆ شارى هەڵەبجە، وتى"ئێمە متمانەمان بە سوپاى عێراق نیە بمانپارێزێت."

ئەو هاوڵاتیە کاکەییە، ئاماژەى بەوەکرد حکومەتى عێراق تواناى پاراستنى ناوچە کاکەیى نیشینەکانى نیە و کاکەییەکانیشى لەچەک داماڵیوە، وتى"حکومەتى عێراق نەک نامانپارێ، بەڵکو چەکەکانمان لێدەسێنێت ، داعشیش بەئارەزوى خۆى هێرشمان دەکاتە سەر، تەنها چارەسەریش گەڕانەوەى پێشمەرگەیە بۆ ناوچەکە."

رۆژى چوارشەمەى رابردوش ئەلیس ولبول ى نوێنەرى سکرتێرى نەتەوە یەکگرتوەکان سەردانى گوندە کاکەیى نیشینەکانى باشورى کەرکوکى کرد، بەڵێنى فشارخستنە سەر حکومەتى عێراق و گێرانەوەى سەقامگیرى بۆ ناوچەکەیان پێدابوون.

جم و جۆڵەکانى داعش نەک گوندەکانى دەوروبەرى کەرکوک، بەڵکو ترسى لەنێو دانیشتوانى کەرکوکیشدا دروستکردووە، بەتایبەت شەوى رابردوو پۆلیسى کەرکوک خرابونە حاڵەتى ئامادەباشیەوە و دانیشتوانى ناو شاریش شەوێکى پڕ لەترس و دڵەراوکێیان بەڕێکرد.

نەقیب سۆران حسێن ئەفسەر لە سوپاى عێراق، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"داعش جم و جۆڵەکانى لەشەواندا تۆقێنەرە، بە مەفرەزەى گەورە دەسورێنەوە بەناوچەکەدا، تەنانەت هەندێکجار ژمارەى چەکدارانى مەفرەزەکانیان دەگاتە 70 چەکدار."

وتیشى"داعش لەرۆژدا دەچنە نێو حەشارگەکانیان و نابینرێن، بەڵام بەشەوان هێرشەکانیان دەست پێدەکەن."

پێشتر دەنگى ئەمەریکا وردەکارى جم و جۆڵەکانى داعش و ئەگەرى پەلاماردانى ناوچەکانى دەوروبەرى کەرکوکى لەچەند راپۆرتێکدا خستبووەڕوو.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:03 0:00

XS
SM
MD
LG