Accessibility links

هێزە کاکەییەکەى سەربە حەشدى شەعبی بەهۆى بێ موچەییەوە هەڵوەشایەوە


ئەو هێزە کاکەییەى سەربە حەشدى شەعبى کە دواى 16 ى ئۆکتۆبەرى ساڵى رابردوو لەباشورى کەرکوک پێکهێنرا، بەهۆى پاڵپشتى نەکردنى لەلایەن حکومەتى عێراق و پێنەدانى موچە بەئەندامەکانى هەڵوەشایەوە.

هێزە کاکەییەکەى سەربە حەشدى شەعبى کە ژمارەیان 318 چەکداربوو، کۆتایى ساڵى رابردوو بۆ پاراستنى ناوچە کاکەیى نیشینەکانى باشورى کەرکوک لەهێرشى داعش پێکهێنرا، بەڵام هێزەکە بەهۆى بێ پاڵپشتى نەکردنەوە هەڵوەشایەوە و ناوچە کاکەیى نیشینەکانیش کەوتونەتە بەر هێرشى چڕى داعش.

سەید ئومێد کاکەیى فەرماندەى هێزە کاکەییەکەى سەربە حەشدى شەعبى، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"هیچ چەکدارێکى هێزەکەمان موچەى پێنەدرا، تەنها ئەوە نەبێت کە لەلایەن بزوتنەوەى بابلیونەوە چەک و ئۆتۆمبێلمان بۆ دابینکرا."

فەرماندە کاکەییەکەى حەشدى شەعبى، ئاماژەى بەوەکرد لەئێستادا و بەهۆى بێ موچەییەوە، چەکدارەکانى هێزە کاکەییەکە رۆیشتونەتە ماڵەوە، بەڵام چەک و تەقەمەنیەکان پارێزراون، وتى"چاوەروانین دەعم بکرێین، یان کاکەییەکان پارە کۆبکەنەوە مانگانە بۆ هێزەکەمان تا ناوچەکانمان بپارێزین."

بەپێى وتەى فەرماندە کاکەییەکەى حەشدى شەعبى، لەرابردودا هێزەکەیان تەنها لەلایەن شێخ رەیان کلدانى سەرۆکى بزوتنەوەى بابلیونەوە، خۆراک و چەق و تەقەمەنى بۆ دابینکراوە و هاوکارى کراوە.

سەبارەت بەپلانى داهاتوى هێزەکەیان، سەید ئومێد کاکەیى وتى"گەر پشتیوانى بکرێین، هێزەکەمان رێکدەخەینەوە و ناوچە کاکەیى نیشینەکان دەپارێزین."

حکومەتى هەرێم هێزێکى پێشمەرگەى تایبەت بە کاکەییەکان بۆ پاراستنى ناوچە کاکەیى نیشینەکان دروستکردوە، کە ئەو هێزە لەرۆژى 16 ى ئۆکتۆبەر لەکەرکوک کشانەوە و بەکشانەوەیان، ناوچە کاکەیى نیشینەکان لەدواى 16 ى ئۆکتۆبەرەوە کەوتونەتە بەر هێرشى داعش.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:55 0:00

XS
SM
MD
LG