هێزە ئەمنیەکانى کەرکوک بۆ رێگریکردن لە ڕوودانى پشێوى لە رۆژانى جەژندا، رێوشوێنى ئەمنى توندیان گرتۆتەبەر و سەرجەم هێزەکانیان خستۆتە حاڵەتى ئامادەباشیەوە.
عەقید ئەفراسیاو کامل وتەبێژى پۆلیسى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"سەرجەم هێزە ئەمنیەکانى کەرکوک و دەوروبەرى لە رۆژانى جەژندا لە حاڵەتى ئامادەباشیدا دەبن."
وتیشى"پۆلیس و هێزە ئەمنیەکانى تر ناو شارى کەرکوک دەپارێزێت، پۆلیسى فیدراڵیش دەرەوەى شار دەپارێزێت و چاودێرى جم و جۆڵى داعش دەکات."
گرتنەبەرى رێوشوێنى ئەمنى لەکەرکوک لەکاتێکدایە داعش جم و جۆڵێکى فراوانى لەدەوروبەرى ئەو شارە هەیە، بۆیە هێزە ئەمنیەکان دەیانەوێت رێگرى بکەن لەرووداوى نەخوازراو لەرۆژانى جەژندا.
محەمەد فایەق بەرپرسى راگەیاندنى قایمقامیەتى خورماتو، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"داعش لەباشورى کەرکوکەوە تا دەگاتە سنورى خورماتو و دیالە جم و جۆڵى هەیە."
وتیشى"داعش هەڵمەتێکى چڕى هێرشکردن و خەڵک رفاندنى دەستپێکردووە."
ماوەیەکە دۆخى ئەمنى دەوروبەرى کەرکوک تێکچووە و داعش جم و جۆڵى زۆرە، هەروەها لەناو شارى کەرکوکیش چەندین حاڵەتى تەقەکردن و هەڵکوتانە سەر ماڵان و دزیکردن تۆمارکراون.