Accessibility links

ناوەرۆکى کۆبوونەوەى نێوان وەفدى یەکێتى و پارێزگارى کەرکوک


لە کۆبوونەوەکەى چەند رۆژى رابردووى نێوان پارێزگارى کەرکوک و بەرپرسانى یەکێتى دا لەو شارە، پرۆسەى تەعریب و لابردنى بەرپرسە ئیدارى و ئەمنى یە کوردیەکان گفتوگۆى لەبارەوە کراوە.

رەوەند مەلا مەحمود جێگرى بەرپرسى مەڵبەندى کەرکوکى یەکێتى و بەشداربووى کۆبونەوەکە، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"هۆشداریمان دایە پارێزگارى کەرکوک بەوەى پرۆسەى تەعریب قەبوڵ ناکەین، ئەویش بەڵێنى رێگرى کردنى لە پرۆسەى تەعریب پێداین."

بەرپرسەکەى یەکێتى، لەبارەى ناوەرۆکى کۆبونەوەکەیانەوە وردەکارى زیاترى بۆ دەنگى ئەمەریکا خستەڕوو، ئاماژەى بەوەکرد بە پارێزگارى کەرکوکیان، وتووە"کورد مەغدورە لە کەرکوک، لەکاتێکدا دانیشتوانى ئەو پارێزگایە سەرووى 50%ى کوردە."

بەشێکى ترى گفتوگۆى نێوان یەکێتى و پارێزگارى کەرکوک ، تایبەت بووە بە لابردن و ئاڵوگۆرکردنى بەشێک لەو پۆستانەى بەدەست کوردەوە بوون بەتایبەت لەدواى 16 ى ئۆکتۆبەرى ساڵى رابردوو، بەڵام پارێزگارى کەرکوک پێیوتون"بەشێک لەو بەرپرسانە خۆیان کەرکوکیان جێهێشتوە، هۆکارى دۆخى کوردیش ناتەبایى نێوان هێزە کوردیەکان خۆیانە، گەر تەبا بن پۆستى پارێزگاریش دەبەنەوە."

لەبەشێکى ترى دانیشتنەکەدا، پارێزگارى کەرکوک کە بۆ ئەندامێتى پەرلەمانى عێراق هەڵبژێردراوە، داواى ئاسایى کردنەوەى پەیوەندیەکانى لە وەفدى یەکێتى کردووە، بەو پێیەى رۆیشتنى بۆ بەغدا و سیاسەت کردن پێویستى بەهەماهەنگى هەیە.

هەرچەندە عەرەبى سونە لەلایەن کوردەوە بە تەعریب کردنەوەى کەرکوک تۆمەتبار دەکرێت، بەڵام بەرپرسانى عەرەبى سونە ئەو تۆمەتە رەتدەکاتەوە.

ئیسماعیل حەدیدى کەسایەتى سیاسى عەرەبى سونە لەکەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"کەرکوک تەعریب نەکراوەتەوە، ئەوانەى هاتونەتە کەرکوک عەرەبى حەویجە و رەشاد و ریازن."

وتیشى"بەشێک لەو عەرەبانە لەریزى هێزە ئەمنیەکان و حەشددا چەکدارن، بۆیە هاتونەتە کەرکوک."

کورد کە زۆرینەى دانیشتوانى کەرکوک پێکدەهێنێت، پێیوایە عەرەب بەسود وەرگرتن لەپۆستى پارێزگار کار بۆ لاوازکردنى پێگەى دەکات، لەکاتێکدا زۆرینەى ئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگا کوردن و گەر ناکۆکى نێوخۆیى نەبێت، کورد تواناى وەرگرتنەوەى ئەو پۆستەى هەیە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:56 0:00

XS
SM
MD
LG