Accessibility links

لە کەرکوک و دیالە ژمارەیەک بەرپرسى کورد دەدرێنە دادگا


لە کاتێکدا بڕیارى دەستگیرکردنى ڕێبوار تاڵەبانى سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک هەڵنەوەشێنراوەتەوە کە لەلایەن دەستەى نەزاهەوە داواى لەسەر تۆمارکراوە، دادگاى جەلەولاى پارێزگاى دیالەش سەرقاڵى گرتنەبەرى رێوشوێنى یاسای یە دژى 8 بەرپرسى کورد.

تۆمارکردنى سکاڵا لەسەر ڕێبوار تاڵەبانى بەتۆمەتى وەرگرتنى موچەى سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوکە، لەکاتێکدا ناوبراو بە وەکالەت ئەنجومەنەکە ى بەرێوەبردووە.

عەلى گردەسوورى پارێزەرى یاسایى ڕێبوار تاڵەبانى، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"بریارى دەستگیرکردنى ڕێبوار تاڵەبانى هەڵنەوەشێنراوەتەوە و ئێمە بڕیارەکەمان تەمیز کردووەتەوە."

وتیشى"ئێمە داواى گواستنەوەى دۆسیەکەمان لەدادگاى کەرکوکەوە بۆ دادگاى هەولێر کردووە، بەڵام دادگا داواکەى رەتکردوینەتەوە."

لەلایەکى تریشەوە ژمارەیەک عەرەبى سەربە عەشیرەتى کروى دانیشتوى ناحیەى جەلەولاى دیالە، سکاڵایان لەدادگا لەسەر 8 بەرپرسى کورد تۆمارکردووە، بەتۆمەتى ئەوەى خانوەکانیان رووخاندون لەکاتى هاتنى داعشدا.

هەر بەهەمان تۆمەت عەرەبەکانى جەلەولا، شێخ یەعقوب لهێبی بەرێوەبەرى ناحیەى جەلەولاشیان داوەتە دادگا، کەناوبراو لە کوردەوە نزیکە و ئێستا لە دیالە دەست بەسەرە.

ئەو بەرپرسانەى لەلایەن عەرەبەکانى جەلەولاوە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە، بریتین لە ( مەحمود سەنگاوى مەکتەب سیاسى یەکێتى، شێرکۆ میروەیس بەرپرسى مەڵبەندى خانەقینى یەکێتى، محەمەد سامان بەرێوەبەرى ئاسایشى جەلەولا، خەلیل خوداداد بەرپرسى کۆمیتەى جەلەولا، فەرهاد رەفعەت بەرپرسى نوسینگەى تاوانەکانى خانەقین.)

شێرکۆ میروەیس بەرپرسى مەڵبەندى خانەقینى یەکێتى ، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئەوانەى سکاڵایان تۆمارکردووە پێشتر پشتیوانى داعش بوون، هەوڵى نانەوەى دووبەرەکى لەناوچەکەکە دەدەن."

وتیشى"خانوەکانیان لەشەڕى داعشدا رووخاوەو هیچ پەیوەندى بە بەرپرسانى کوردەوە نیە."

بەرپرسانى کورد گومان دەکەن داوا یاساییەکەى سەر رێبوار تاڵەبانى لەلایەن بەرەى تورکمانى، داوا یاساییەکەى عەرەبەکانى جەلەولاش لەلایەن چەند گروپێکى ترى دژە کوردەوە جوڵێنرابن.

XS
SM
MD
LG