Accessibility links

10 هەزار چاودێرى نێوخۆیى چاودێرى هەڵبژاردن له ‌کەرکوک دەکەن


نوسینگەى کەرکوکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان، ناوى 10 هەزار چاودێرى نێوخۆییان تۆمارکردووە بۆ چاودێرى کردنى پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لەو شارە، هێزە کوردیەکانیش بەپێویستى دەزانن چاودێرانى بیانیش چاودێرى پرۆسەکە بکەن.

عەبدولباست دەروێش وتەبێژى نوسینگەى کەرکوکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"تا ئێستا مۆڵەت دراوەتە 25 رێکخراوى کۆمەڵگەى مەدەنى تا چاودێرى پرۆسەى هەڵبژاردن لەکەرکوک بکەن."

سەبارەت بە ژمارەى ئەو چاودێرە بیانیانەى ناوى خۆیان بۆ چاودێرى کردنى پرۆسەکە تۆمارکردووە، عەبدولباست وتى"باج بۆ 10 هەزار چاودێرى ناوخۆیى دروستکراوە، بەڵام تائێستا چاودێرى بیانى بۆ ناو تۆمارکردن نەهاتوەتە لاى ئێمە."

هێزە کوردیەکان ترسێکى زۆریان لە ئەنجامدانى پێشێلکارى و ساختەکارى لەکەرکوک هەیە، بەو پێیەى پرۆسەکە لەژێر چاودێرى هێزە عێراقیەکاندا بەرێوەدەچێت.

جوان حەسەن سەرۆکى لیستى یەکگرتوى ئیسلامى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، چاودێرى کردنى پرۆسەى هەڵبژاردنى لە کەرکوک لەلایەن چاودێرە بیانیەکانەوە بەگرنگ وەسفکرد، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند" خەڵک ترسى لە پێشێلکارى و تەزویران هەیە، بوونى چاودێرانى نێودەوڵەتى ئەو ترسەى خەڵک و هێزە سیاسیەکانیش دەرەوێنێتەوە."

هێزە کوردیەکان ترسیان لە ساختەکارى لە ناوچە عەرەب نیشینەکانى رۆژئاواى کەرکوک و تورکمان نیشینەکانى باشورى کەرکوکە، بۆیە تاوتوێى ناردنى ژمارەیەکى زۆر چاودێریان بۆ ئەو ناوچانە کردووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:43 0:00

XS
SM
MD
LG