Accessibility links

ڕاپـۆرتێک لە بارەی هۆکارى کشانەوەى سەرۆکى لیستى یەکێتى لە کەرکوک


محەمەد عوسمان سەرۆکى لیستى یەکێتى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە کەرکوک لە کاندیدێتى و سەرۆکایەتى کردنى لیستەکەى کشایەوە، یەکێتیش لە دۆخى ئێستاى کەرکوک نیگەرانە.

محەمەد عوسمان سەرۆکى لیستى یەکێتى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، کشانەوەى لەکاندیدێتى و سەرۆکایەتى کردنى لیستى یەکێتى بۆ دەنگى ئەمەریکا پشت راستکردەوە، وتى"بەتەواوەتى کشاومەتەوە."

یەکێتى لە دۆخى ئێستا ى کەرکوک نیگەرانە و لەنێو سەرکردایەتى ئەو حیزبەدا تاوتوێى ئەوە کراوە پەیامێک ئاراستەى عەبادى بکرێت و هۆشدارى بایکۆت کردنى هەڵبژاردنى لەو پارێزگایە پێبدرێت، گەر رێگەیان پێنەدرێت بەهێزەوە بانگەشە بۆ لیستەکەیان بکەن.

سەرچاوەیەکى ئاگادار لەدەست لەکارکێشانەوەى محەمەد عوسمان کەداوایکرد ناوى بڵاونەکرێتەوە، هۆکارى کشانەوەى ناوبراوى لە سەرۆکایەتیکردنى لیستى یەکێتى بۆ دەنگى ئەمەریکا روونکردەوە، وتى"محەمەد عوسمان پێیوابووە کاندیدى لە بەرانبەر قوت کراوەتەوە، نیگەرانیش بووە لەوەى پشتگیرى دارایى نەکراوە بۆ هاوکارى کردنى خەڵک لەکاتى پڕوپاگەندەى هەڵبژاردندا."

بەڵام رەوەند مەلا مەحمود جێگرى بەرپرسى مەڵبەندى کەرکوکى یەکێتى، رەتیکردەوە محەمەد عوسمان لە حیزبەکەى نیگەران بووبێت، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"کاک محەمەد لەسەرەتاوە بە دوو دڵى داخلى پرۆسەکە بووە، بۆیە پێیباشبووە بکشێتەوە و دەرفەت بە خەڵکى تر بدات."

وتیشى"رێبوار تەها ناوى ژمارە دووى لیستى یەکێتى یەو رەنگە ئەو ببێتە سەرۆکى لیست."

لە هەڵبژاردنى پێشووى پەرلەمانى عێراق دا کورد لە کەرکوک 8 کورسى بەدەستهێنا، لەو ژمارەیە یەکێتى بەتەنها 6 کورسى بردەوە، بەڵام چاوەروان دەکرێت لەهەڵبژاردنى داهاتودا ژمارەى کورسیەکانى کورد و یەکێتیش کەم بکات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:01:46 0:00

XS
SM
MD
LG