Accessibility links

پـێکهاتەکانى کەرکوک پێشبینى خۆیان بۆ هەڵبژاردنى داهاتوى عێراق دەخەنەڕوو


بەرپرسانى پێکهاتەکانى کەرکوک پێشبینى خۆیان بۆ ژمارەى کورسیەکانیان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لەکەرکوک ئاشکرادەکەن، پێیانوایە هەڵبژاردن پارسەنگى هێز دەگۆرێت.

12 کورسى پەرلەمانى عێراق بۆ پارێزگاى کەرکوک دانراوە، حیزبە کوردیەکان کەهەریەکە و بە لیستى جیاواز بەشدارى پرۆسەى هەڵبژاردن دەکەن، لەگەڵ تورکمان و عەرەبى سونە رکابەرى یەکترى دەکەن بۆ بەدەستهێنانى ئەو کورسیانە.

ئیسماعیل حەدیدى سەرۆکى ئەنجومەنى سیاسى عەرەبى لەکەرکوک، پێیوایە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق پارسەنگى هێز لەکەرکوک دەگۆرێت ، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"عەرەبى سونە 4 کورسى، کورد 4 کورسى و تورکمانیش 3 کورسى بەدەست دێنێت، کورسیەکەى تر کەدەمێنێتەوە لەنێوان کورد و تورکماندا یەکلا دەبێتەوە."

لەهەڵبژاردنى پێشوترى پەرلەمانى عێراق دا کاتێک کورد لەکەرکوک باڵادەست بوو، لە 12 کورسیەکەى پەرلەمانى عێراق، کورد 8 کورسى بردەوە کە 6 کورسى بۆ یەکێتى و دوو کورسى بۆ پارتى بوو، هەروەها تورکمان و عەرەبى سونەش سەروو دوو کورسیان برد.

رەوەند مەلا مەحمود جێگرى بەرپرسى مەڵبەندى کەرکوکى یەکێتى، پێیوایە لەهەڵبژاردنى داهاتوى عێراقدا عەرەبى سونە سێ کورسى و تورکمان دوو کورسى دەبنەوە، وتى"کورسیەکانى تر کەدەکاتە 7 کورسى کورد دەیباتەوە."

هەڵبژاردنى داهاتوى عێراق لەکاتێکدا ئەنجام دەدرێت لەکەرکوک، پارێزگاکە کەوتۆتە ژێر دەسەڵاتى هێزە عێراقیەکان و گومان دەکرێت گەر هێزە شیعیەکان دەستوەردان بکەن، ئەوا لەبەرژەوەندى تورکمانى شیعە دەیکەن.

عەلى حسێنى وتەبێژى میحوەرى باکورى عێراقى حەشدى شەعبى کە هاوکات ئەندامى کوتلەى تورکمانیە، ئاماژەى بەوەکرد دەرئەنجامى هەڵبژاردنى داهاتو لەکەرکوک پێشبینى بۆ نەکراوە، وتى"ناتوانرێت پێشبینى بۆ چۆنیەتى دابەشبوونى کورسیەکان بەسەر پێکهاتەن دا بکرێت."

هەڵبژاردنەکانى رابردووى عێراق لەکەرکوک لەلایەن پێکهاتەکانى تورکمان و عەرەبەوە رەخنە لە دەرئەنجامەکەى گیراوە، بەو پێیەى شارەکە لەژێر دەسەڵاتى کورددا بووە، بۆیە بەشێک لەچاودێران بەگرنگیان دەزانى لەهەڵبژاردنى داهاتوى عێراقدا کورد یەکدەنگ و یەک لیست بێت بۆ سەلمانى قورسایى خۆى لەو شارە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:08 0:00

XS
SM
MD
LG