Accessibility links

پـۆلیسى کەرکوک: داعش و هەندێک گروپى سیاسى کار بۆ تێکدانى دۆخى ئەمنى کەرکوک دەکەن


وتەبێژى بەرێوەبەرایەتى پۆلیسى کەرکوک، دەڵێت ئەو رووداوانەى لەنێو کەرکوک دا ڕوودەدەن تەنها دەستى داعشیان لەپشتەوە نیە، بەڵکو گروپى ترى سیاسى هەن کە ئامانجیان تێکدانى دۆخى ئەمنى شارەکەیە.

عەقید ئەفراسیاو کامل وتەبێژى پۆلیسى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئەوانەى کار بۆ تێکدانى دۆخى ئەمنى کەرکوک دەکەن، تێکەڵەن لە داعش و ئەو گروپانەى سەربەلایەنى سیاسین و بەرژەوەندیان لە پشێویدایە."

وتەبێژەکەى پۆلیسى کەرکوک ئاماژەى بەرووداوەکانى شەوى رابردووى کەرکوکدا، روونیکردەوە چەند رۆژێک لەمەوبەر کەسێک ویستویەتى خۆى لەنێو بارەگایەکى تورکمانى بتەقێنێتەوە، بەڵام پێشوەخت هێزە ئەمنیەکان کوشتویانە، وتى"شەوى رابردووش بەئارپیچى دراوە لەبارەگایەکى تورکمان، هەروەها تەقە لەمەفرەزەیەکى پۆلیسمان کراوە، هاوەنێکیش کەوتۆتە ماڵێکەوە."

وتیشى"ئەو رووداوانەى روودەدەن ئاسایین، چونکە ساڵانى رابردوو رۆژ هەبووە لەکەرکوک 13 تەقینەوە روویانداوە، چەندین کەس کوژراون و رفێنراون، بەڵام ئێستا دۆخەکە زۆر ئاساییە."

بەرپرسەکەى پۆلیسى کەرکوک، هەندێک کەناڵى راگەیاندنیشى بێ ئەوەى ناوى ئەو کەناڵانە بهێنێت، تۆمەتبارکرد بەوەى رووداوەکانى کەرکوک زیاد لەقەبارەى خۆیان گەورە دەکەنەوە و بۆ مەرامى سیاسى، کار بۆ تێکدانى دۆخى ئەمنى شارەکە دەکەن.

لەلایەکى تریشەوە محەمەد فایەق بەرپرسى راگەیاندنى قایمقامیەتى قەزاى خورماتوى پارێزگاى سەڵاحەدین، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"هێزە عێراقیەکان هێز و تانک و چەکە قورسەکانیان لەناوچەى خدر وەلى باکورى خورماتو کێشاوەتەوە."

بڵاوبوونەوەى هەواڵى زیادبوونى ژمارەى چەکدارانى داعش لەدەوروبەرى کەرکوک و کشانەوەى هێزە عێراقیەکان لەگوندەکانى باشورى رۆژئاواى کەرکوک ترسى لەنێو دانیشتوانى ئەو شارەدا دروستکرد، بەتایبەت دواى بڵاوبوونەوەى ئەو هەواڵانە هەندێک تەقینەوەى بچوک لەنێو شارەکەدا روویانداوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:12 0:00

XS
SM
MD
LG